لە سێساڵی دوایی دەركەوت كە درۆن و مووشەكەكان چەكێكی كاریگەری میلیشیاكانن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو چەكانە لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی بەرەی مقاوەمە و ئێران لە دژی ئیسرائیل بەكار هات، بەر لەوەش لە لایەن حوسییەكان بەرانبەر بە سعوودیە، لە عێراق و لە لایەن ئیسرائیلیش بەكار هاتووە و كاریگەریی گەورەیان هەبوو، بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ئەو چەكانە وڵاتانی كەنداو تاوتوێی دامەزراندنی سیستمێكی هاوبەشی بەرگری ئاسمانی دەكەن.
محەمەد بدێوی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداوی عەرەبی ئاشكرای كرد كە گفتوگۆ هەیە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی هاوبەشی بەرگریی ئاسمانیی تایبەت بە وڵاتانی كەنداو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەكییەكان، ئەو قسانەش لە میانەی پانیلێك لە مەنامە لە بەحرێن هات، بەر لە سازكردنی 46مین لووتكەی كەنداو.
روونی كردەوە، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو گفتوگۆیان لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری گومەزی مووشەكی كردووە و هیوادارین بەمنزیكانە بە رێككەوتن بگەین، لە لووتكەی مەنامەش باسی دۆسیەی بەرگریی هاوبەش دەكرێت، بەتایبەتی هێرشەكانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر كە ئەوكات وایان كرد وەزیرانی بەرگریی كەنداو تاوتوێی میكانیزمەكانی پاراستنی وڵاتانی كەنداو لەو جۆرە هێرشانە بكەن.