بڕیار بوو ئەمڕۆ یەكشەم تانەكانی سەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لە لایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەوە یەكلا بكرێنەوە، كە زیاتر لە 800 تانە لە ئەنجامەكان درابوو، ئەمڕۆ بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە شەش كاندیدی براوەی هەڵبژاردن دوور خراونەتەوە و دووپاتی كردەوە كە گۆڕانكاری لە ئەنجام و دابەشكردنی كورسییەكان رووی داوە.
حەسەن سەلمان راوێژكاری یاسایی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان گوتی، ژمارەی كاندیدە براوەكانی لە دوای هەڵبژاردن تا ئێستە دوور خراونەتەوە شەش كاندیدن، دوایینیان بەهۆی تانەدان بوو لە شایستەیی كاندیدێكیان كە بەهۆی تانەكەوە دوور خرایەوە.
روونی كردەوە، گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان رووی داوە و هەندێك لیست دوای دوورخستنەوەی كاندیدە براوەكانیان كورسیان لەدەست داوە، لە پارێزگای نەینەوا گۆڕانكاری لە كۆتای ژنان هەیە و كورسی كۆتاكە بۆ لیستێكی تر چووە، كورسییەكە دراوەتە كاندیدێكی پیاو.
ئاشكرای كرد كە بڕیاری دوورخستنەوە لەسەر بنەمای تانەدان لە شایستەیی، پێویست بە كردنەوەی وێستگەكان و ژماردنی دەستی ناكاتەوە، هەر ئاماژەیەك یان تانەیەك بەر لە پەسندكردنی كۆتایی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای فیدراڵی بگاتە كۆمسیۆن، لە لایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە تاوتوێ دەكرێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.
شایەنی باسە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو هاتە سازكردن و ئەنجامە سەرەتاییەكاندوای 24 سەعات لە داخرانی وێستگەكانی دەنگدان هاتە راگەیاندن، ئینجا سكاڵاكان وەرگیران و ئەنجامی كۆتایی هاتە راگەیاندن و تانەكان وەرگیران، ئێستەش دوای یەكلابوونەوەی تانەكان ئەنجامەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێن بۆ پەسندكردنیان.