چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە كۆبوونەوەكانی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەردەوامە، بەپێی زانیارییەكان چەند ناوێك لەناو چوارچێوەكە تاوتوێ دەكرێن وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ، سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەكە باسی ئەوە دەكات كە دوای دوورخستنەوەی سوودانی جارێكی تر مالیكی هاتووەتە پێشەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو باسی ئەوە كرا كە كورد و سوننە و ئەمەریكا بە كاندیدبوونی نووری مالیكی رازی نین، سەرچاوەیەكی نزیك لە
چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە ئەوەی لە میدیاكان باسی دەكرێت، بەرجەستەی راستییەكان نییە و مەبەست دروستكردنی مشتومڕە.
روونی كردەوە، بەپێی میكانیزمی پێڕەوكراو لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنەگی هەر هێزێكی براوەی هەڵبژاردن خاوەنی زیاتر لە 25 كورسیی پەرلەمان بێت، دەتوانێت كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران هەبێت، ئەوانیش بریتین لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی سادیقوون بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی كە رەتی كردەوە بێتە ناو كێبەركێكان، بۆیە ركابەری لە نێوان سوودانی و مالیكی ماوەتەوە.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، هەرچی سوودانییە، بەهۆی هەڵەكانی لە ماوەی دەسەڵاتی لە كێبەركێكە دوور خراوەتەوە، ئێستە ئەو لەبەردەم دوو بژارەیە، پێشكەشكردنی شوێنگرەوەیەك لە هاوپەیمانیەتییەكەی بۆ ركابەریكردن، یان چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە بۆ نووری مالیكی كاندیدی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.
شایەنی باسە بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا دانیشتنی هەفتانەیان ساز بكەن و چەند بابەتێك تاوتوێ بكەن، لەوانە دیاریكردن و یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران، ئەگەرچی دوورە ناوەكەی رابگەیەنن.