كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆتایی هات

:: PM:09:48:08/12/2025 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە بەغدا كۆ بوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، لەوانە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كە لە پشكی شیعەیە و هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو، چوارچێوەكە خۆی وەك گەورەترین بارستی پەرلەمان راگەیاند.

وەك لە بەیاننامەی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەكە هاتووە، لە كۆبوونەوەی ئەمشەوی ژمارە 253ی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەبدولحوسێن مووسەوی سەرۆكی هاوپەیمانی نەهج وەتەنی، بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەكانی سەر گۆڕەپانی ناوخۆیی عێراق كرا، جیا لە گفتوگۆكردنی بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكە. 

لە كۆبوونەوەكە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچوو، دوایین پەرەسەندنە تەناهی و سیاسییەكانی عێراقی خستە روو، دووپات لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و هەوڵەكان بۆ پتەوكردنی سەقامگیری و پاڵپشتیكردنی پێویستییەكانی ئەم قۆناغە كردەوە.

بەپێی فەرمانگەكە كۆبوونەوەكە پەرەسەندنێكی گرنگی لەبارەی گفتوگۆكردن لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ بەخۆیەوە بینی، كاتێك ئامادەبووان گفتوگۆیان لەسەر پێوەندییەكان لە نێوان هێزە نیشتمانییەكان و هێزەكانی چوارچێوە كرد و رێككەوتن كرا بۆ پابەندبوون بە وادەی دیاریكراو بۆ یەكلاكردنەوەی شایستەكانی هەڵبژاردن. 

هاوكات چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشوازی لە هەنگاوەكان بۆ بەهێزكردنی كاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەكان كرد، بەو شێوەی ببێتە مایەی یەكخستنی هەڵوێستەكان بەرانبەر بە كێشەكانی هەن و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بپارێزێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل