مایك واڵتز: كاتی هاتووە حەماس كۆتا بەبوونی لە غەزە بێنێت

:: PM:12:40:11/12/2025 ‌
باڵوێزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتی كردووەتەوە، لە قۆناغی دووەم لە پلانی ئاشتی تایبەت بە غەزە كە سەرۆكی ئەمەریكا بەمزووانە رای دەگەیەنێت، دووپات لەوە دەكرێتەوە كە بەهیچ شێوەیەك ئاشتی لەو غەزە جێبەجێ نابێت ئەگەر حەماس لەو ناوچەیە بمێنێت، بۆیە كاتی هاتووە حەماس كۆتا بەبوونی لە غەزە بێنێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، كاتێك دوێنێ مایك واڵتز باڵوێزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئیسحاق هرتسۆگ سەرۆكی ئیسرائیل، دواتر لەبارەی وردەكاریی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی لە غەزە روونی كردەوە، بەندێكی تێدایە كە حەماس بەهیچ شێوەیەك نابێ دەسەڵاتی لە غەزە بمێنێت و دەبێ چەكەكانی رادەست بكات.

واڵتز گوتی، دەمەوێ لەوبارەیەوە روون بم، ئەویش ئەوەیە دەبێ حەماس بتوێتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی بە روونی راگەیاندووە كە نەمانی حەماس بە رێگەی ئاسان بێت یان قورس، دەبێت لە ئێستەوە نەمێنێت.

لەبارەی دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە مانگی رابردوو بۆ پلانەكەی ترەمپ، واڵتز ئاماژەی دا كە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، یەكەمین شت ئەنجوومەنی ئاشتی رادەگەیەنن بە سەرۆكایەتیی ترەمپ، ئەویش بۆ بەڕێوەبردنی غەزە لە قۆناغی گواستنەوە. بۆ ئەوەیش دەسەڵاتێكی فەلەستینیی تەكنۆكرات پێكدەهێنرێت بۆ ئیدارەی غەزە لەڕووی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، وەك ئاو و غاز و تۆڕەكانی تەندروستی.

دوای ئەوانەیش گفتوگۆ لەبارەی رێوشوێن بۆ ئاوەدانكردنەی غەزە دەكرێت، ئەویش جێبەجێكردنی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیریی كەرتەكە، بۆ ئەوەیش ئەركی پۆلیس دەست پێ دەكات و ئاسایشی غەزە لە ئەستۆ دەكرێت، هاوكات ئەو هێزە دەستكراوە دەبێت بۆ چەككردنی حەماس، ئەگەر بزووتنەوەكە سوور بوو لەسەر ئەوەی چەكەكانی دانەنێت.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 60 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 120 هەزار كەسیش بریندار بوون.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د