دوای وشكییەكی زۆر تا ئاستی وریاییدان لەن وشكبوونی تەواوی رووبار و زۆنگاوەكانی باشووری عێراق بەهۆی كەمیی ئەو ئاوەی لە توركیا و ئێرانەوە دێت، لە ماوەی چەند رۆژی ئەم هەفتەیە شەپۆلێكی چڕی باران شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە ناوەڕاست و باشوور، خەڵكەكە لە نێوان شاگەشكەیی بە بارانەكە و ترس لە لافاو بەهۆی خراپیی ژێرخانی ئاوەڕۆ مانەوە.
هەیسەم تەمیمی چاودێرێكە خەڵكی بابلە باسی هەستی خەڵكەكە دەكات بەوەی دووسەرەیە لە نێوان خۆشی و نیگەرانییەوە، ئەوان هەستیان بە خۆشییەكی گەورە كرد بەهۆی بارانەكەوە، بەڵام بەهۆی خراپیی ژێرخان و تۆڕەكانی ئاوەڕۆوە نقوومی ناو نیگەرانی و رارایی بوون، گوتی، هاووڵاتییان ترسیان لە باران نییە، بەڵكو ئەوان ترسیان لەو كەموكوڕییانە هەیە كە بارانەكە دەری دەخات، لە كەموكوڕی و كەمتەرخەمییەكی درێژخایەن لە خزمەتگوزارییەكان.
روونی كردەوەن بۆیە بارانبارین بووەتە ئاوێنەیەك و راستیی دۆخی خزمەتگوزارییەكان پێشان دەدات، بۆیە كاتێك ئاو شەقامەكان دادەپۆشێت، گلەیی لە ئاسمان ناكرێت، بەڵكو گلەیی لە زەوی و ئەوەی لەسەریەتی دەكرێت لە خراپیی پلان و ئیدارەدان، وەك ئاماژەیەك بۆ وەزارەت و حكوومەت.
شایەنی باسە لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەهۆی بارانی چەند رۆژی دوایی تەواوی شەقامەكان كەوتنە ژێر ئاو، هەندێك لە پردەكان، وەك پردی خورماتوو لە نێوان كەركووك و سەڵاحەدین رووخان و ئەوەش كێشەی بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دروست كرد، ئەوە لەوكاتەی بەپێی ئامارەكان لە نێوان 2006 تا 2024، عێراق 1.396 تریلیۆن دۆلاری لە بودجە گشتییەكانی ساڵانە بۆ پڕۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ تەرخان كردووە، واتە تۆڕی ئاوەڕۆ و بەنداوەكان، كەچی تا ئێستە عێراق لە ژێر هەڕەشەی لافاو و نەبوونی بەنداو و وشكیدایە.