كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

:: PM:05:32:11/12/2025 ‌

سەركردەیەكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دووپاتی كردەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم كۆبوونەوەیەكی تایبەت و گرنگ و فرەوانی هێزە براوەكانی هەڵبژاردن لە هەولێر دێتە سازكردن، تیایدا نوێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە و پێكهاتەكان و كورد بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی كاندیدی هەرسێ سەرۆكایەتی ئامادە دەبن.

عەبدولرەحمان جەزائیری سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی گوتی، پێ دەچێت لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دۆخەكە بەرەو دیاریكردنی كاندیدێكی سازان بچێت، كە توانای ئیدارەدانی قۆناغی داهاتوو چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی دۆسیە سەخت و ئاڵۆزەكانی هەبێت، وەك حەشدی شەعبی و مووچەی هەرێم و بودجە و قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و دیاریكردنی شێوەی پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و سروشتی یارمەتیدانی واشنتن بۆ سەرۆكی داهاتووی حكوومەت لە دانەوەی قەرزەكان. 

روونی كردەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە كاندیدی سازان بۆ پۆستەكە بەپێی ئەو مەرجانەوە دیاری بكرێت، بەڵام ئەگەر سازانەكە نەبوو، پێم وایە بابەتەكە لە دیاریكردنی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوور نابێت، ئەوە ئەگەر رەزامەندی لەسەر چارەسەركردنی مەرج و دۆسییە مشتومڕلەسەرەكان درا، جەزائیری بە دووری نەزانی مالیكی كەسێك لە بری خۆی بۆ پۆستەكە دیاری بكات، پێم وایە ئەگەر هەموو لایەنەكان لەسەر ئەو بابەتە گەیشتن بە سازان، ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك بۆ دەنگدان لەسەر لەسەر كاندیدی سازان بكرێت.

جەزائیری ئاشكرای كرد كە پێشتر ناوی كاندیدی سازان نەخراوەتە روو، بەڵام لە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دێتە راگەیاندن، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم سەركردەكانی كورد شیعە و سوننە و پێكهاتەكانی تر بۆ كۆتاهێنان بە بابەتی كاندیدی سەرۆكایەتییەكان ساز دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل