ڕوانگەی "عێراقی سەوز" بۆ ژینگە، هۆشداری دەدات لە ئەگەری دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش لە ئاسمانی بەغدا، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ و کارلێکی گازەکان دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 12ی کانوونی یەکەم، ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاپۆرتێکدا ڕای گەیاند، نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە کە هەڵگری شێیە، لە ئێوارەی دوێنێوە ناوچەکانی ڕۆژئاوای گرتووەتەوە و درێژ دەبێتەوە بۆ هەندێک لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا.
دەربارەی کاریگەرییەکەی لەسەر پایتەخت، ڕوانگەکە ڕوونی کردووەتەوە کە لە دەوروبەری سەعات نۆی بەیانییەوە، کاریگەرییەکەی لە نێوان مامناوەند بۆ توند دەبێت، بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی شێ و کارلێکی گازەکان، ئەگەری دروستبوونی بۆنی ناخۆش هەیە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکانی باشوور تەم دروست ببێت، هەروەها لە کۆتایی ڕۆژدا بارانبارین لە ناوچەکانی باکوور چڕ دەبێتەوە و لە هەندێک ناوچەش بەفر دەبارێت.