بەهۆی تەمەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە ڕاگیران؛ کارەبای پارێزگاکەش بڕا

:: AM:11:15:12/12/2025 ‌
جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە ڕاگیرا، هۆکارەکەشی بۆ دروستبوونی تەمێکی چڕ و خراپیی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 12ی کانوونی یەکەم، بەهۆی دروستبوونی تەم لە ئاسمانی پارێزگای بەسرە (باشووری عێراق) و دابەزینی ئاستی بینین بۆ نزمترین ئاست، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە ڕاگیران.

لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی عێراقی "شەفەق نیوز" بڵاوی کردەوە، هەر بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، سیستمی کارەبا لە پارێزگای بەسرە تووشی كوژانەوەی نیمچە تەواو بووە.

جێی باسە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمی ڕابردووش، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەهۆی نەمانی مەودای بینین و تەمەوە، گەشتەکانی تا سەعات 12ی نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەم ڕاگرتبوو.


وشە - پۆڵا مەحموود