پەرلەمانی نەمسا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەوە، پۆشینی حیجاب و سەرپۆش بۆ کچانی تەمەن خوار 14 ساڵ لە قوتابخانەکان قەدەغە دەکرێت و سزای دارایی بۆ دایک و باوکان دیاری کراوە.
ئەمڕۆ هەینی 12ی کانوونی یەکەم، پەرلەمانی نەمسا بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی حیجاب (ئەو سەرپۆشەی بەپێی نەریتی ئیسلامی سەردەپۆشێت) بۆ کچانی خوار تەمەن 14 ساڵ لە سەرجەم قوتابخانەکان.
حكوومەتی نەمسا کە لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە گوشاری لەسەرە، پاساوی بۆ یاساکە هێناوەتەوە کە ئامانج لێی "پاراستنی کچانە لە چەوساندنەوە".
کلۆدیا بلاکۆلم، وەزیری تێکەڵکردن (ئیندماج) لە کاتی پێشکەشکردنی پڕۆژەکەدا ڕای گەیاند، جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاساکە دەکەوێتە مانگی ئەیلوولی 2026 و سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن.
بەپێی یاساکە، لە مانگی شوباتی 2026ەوە قۆناغێکی ئەزموونی دەست پێ دەکات بۆ تێگەیاندنی مامۆستایان و دایک و باوکان بەبێ سەپاندنی سزا، بەڵام دواتر ئەگەر سەرپێچی دووبارە ببێتەوە، دایک و باوکەکە بە بڕی 150 تا 800 یۆرۆ سزا دەدرێن.
حكوومەتی نەمسا مەزەندە دەکات نزیکەی 12 هەزار کچ بەر ئەم بڕیارە بکەون.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە؛ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە "جیاکاریی ئاشکرا و ڕەگەزپەرستی دژی موسڵمانان" وەسفی کردووە، لە بەرانبەردا پارتی ئازادیی نەمسا (ڕاستڕەوی توندڕەو) پێی وایە بڕیارەکە کەمە و داوا دەکات قەدەغەکردنەکە هەموو قوتابیان و مامۆستایانیش بگرێتەوە.
جێی باسە ساڵی 2019 نەمسا هەوڵی دا حیجاب لە قوتابخانە سەرەتاییەکان قەدەغە بکات، بەڵام دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.