سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی دانوستانەكان بۆ وەستانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا رای گەیاند، هەنگاوی زۆر گەورە نراوە بۆ وەستانی ئەو جەنگە. چۆن توانیومانە كۆتا بە هەشت جەنگ بێنین، بۆ جەنگی ئۆكراینا هەوڵە رژدەكان بەردەوامن و كاری زۆرباش كراوە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 13ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، چۆن تا ئێستە بە هەوڵەكانمان توانیومانە هەشت جەنگ لە دنیادا بوەستێنین، بۆ وەستانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینایش بەهەمانشێوە هەنگاوە رژدەكانمان بەردوامن، بۆیە هەنگاوی زۆر گەورە نراون و تەنیا ئەو جەنگە ماوە بێتە وەستان، بۆ ئەوەیش پێشكەوتنێكی بەرچاو دەبینرێت.
ترەمپ زیاتر گوتی، پێشنیازی ناوچەی ئابووریی ئازاد لە دۆنباس هی جێبەجێكردنە. بێ ئەوەی باس لە وردەكارییەكانی ئەو پێشنیازە بكات، بۆیە روونی كردەوە كە نایەوێ ئێستە باس لە وردەكارییەكان بكات، چونكە دۆخەكە زۆر هەستیارە، بەڵام دڵنیام تێیدا سەردەكەوین، چونكە زۆر لایەنی تریش هەن هیوای سەركەوتنی ئەوەیان هەیە، ئەوەی مەبەستمە وەستانی كوشتنی 25 هەزار كەس لە مانگێكدا بەهۆی جەنگەكەوە بێتە وەستان و جەنگەكە رابگیرێت.
لەلایەكی تریشەوە ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا پێشتر رای گەیاندبوو، تیمی دانوستانی ترەمپ لەبارەی وردەكارییەكان ئاڵۆزە كە كێن ئەوانەی كۆنترۆڵی ئاسایشی ناوچەكە دەكەن بەپێی پلانەكەی ترەمپ.
ئەوەیش دوای ئەوەی دێت كە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆناڵ" رایان گەیاندووە، لەم هەفتەیەدا ستیڤ ویتكۆف نێردەی ترەمپ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، چاوی بە سەرۆكی ئۆكراینا و سەركردەكانی ئەوروپا دەكەوێت، بەو مەبەستەی وەستانی جەنگەكە خێراتر بكەنەوە و كێشەكانی نێوان هەردوو وڵات بەرتەسكتر بكەنەوە، بۆ ئەوەی پلانی ئاشتی بۆ وەستانی جەنگەكە بگاتە كۆتا.
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.
بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.