ترەمپ هەڕەشە دەكات.. هێرشی سەربازی دەست پێ دەكەین

:: PM:05:31:13/12/2025 ‌

ماوەیەكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا شەڕی لە دژی قاچاغچی و بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە دەریای كاریبی بەرەو وڵاتەكەی دەست پێ كردووە، دووپاتی كردەوە كە بۆ لەمەودوا هێرشی زەوینی لە دژی چەتەكانی مادەی هۆشبەر لە ئەمەریكای لاتینی دەست پێ دەكەن، بەڵام وردەكاریی مەبەستەكەی روون نەكردەوە.

ترەمپ دووپاتی كردەوە، لە ماوەی رابردوو توانیمان 96%ی پرۆسەی قاچاغی مادەی هۆشبەر لە رێگەی دەریا بوەستێنین، ئێستەش دەست بە هێرشی زەوینی دەكەین، كە زۆر ئاسانترە و بەمنزیكانە دەستی پێ دەكەین،  وەك ئاژانسی "بلوومبێرگ"، ئاماژەی بۆ كرد، ترەمپ رەتی كردەوە وردەكاری لەبارەی كەی و لەكوێ دەست بەو هێرشە دەكەن، ئاخۆ وڵاتانیش دەگرێتەوە و ئەو وڵاتانە چی بكەن بۆ ئەوەی هێرشەكە نەكرێت.

لە سایەی ئەو دۆخەی ئێستە لە دەریای كاریبی هەیە، هەموو پێشبینییەكان بەو ئاراستەیەن كە ئەمەریكا هەڵمەتێكی سەربازی لە دژی رژێمی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا دەست پێ بكات، بەتایبەتی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی ئاسمانی و دەریایی و كۆكردنەوەی هێزی سەربازی بە ئاراستەی كەناراوەكانی ئەو وڵاتە ساز كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل