داعش یەكەم هێرشی لە دژی حكوومەتی نوێی سووریا ئەنجام دا

:: PM:05:56:13/12/2025 ‌

ماوەیەكە، بەتایبەتی لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، رێكخراوی داعش دەستی بە جموجۆڵ كردووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەكان، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دەیان هێرشی كردە سەر هەسەدە و ژمارەیەك ئەندامی ئەو هێزەی كوشت، ئەمڕۆ لە نزیك شاری تەدمور لە ناوڕاستی سووریا هێرشێكی چەكداری كردە سەر هێزێكی هاوبەشی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی ئەمەریكا.

ئەگەرچی ئەو هێرشەی ئەمڕۆی داعش لە نزیك شاری تەدمور لە سووریا یەكەمینە لە دژی هێزەكانی حكوومەتی سووریا، پێشتر داعش لە ناوچەكانی ژێر دەستی حكوومەتی سووریا هەسەدەیان دەكردە ئامانج، ئەوەش گومانی زیاد كرد بەوەی هۆزە عەرەبییەكان و گرووپە توندڕۆكانی نزیك لە دیمەشق بەو ناوە هێرش دەكەن.

ئاژانسی "سانا"ی سووریا باسی كرد، ئەمڕۆ شەموو لە نزیك شاری تەدمور، هێزێكی سەربازیی هاوبەشی ئەمەریكا- سووریا لە لایەن چەكدارێكەوە تەقیان لێ كراوە و بەو هۆیەوە دوو ئاسایشی سووریا و ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكا بریندار بوون، لەوكاتەی تەقەكەرەكە كوژرا، هەر بەهۆی رووداوەكەوە هاتوچۆ لەسەر رێگەی نێودەوڵەتیی دێرزوور بۆ دیمەشق وەستا و هەلیكۆپتەرێكی زۆری ئەمەریكا بە ئاسمانی ناوچەكە دەسووڕانەوە. 

لای خۆیەوە روانگەی مافی مرۆڤی سووریا باسی ئەوەی كرد كە دوای ئەوەی تەقە لە شاندێكی ئەمەریكی لە كاتی بوونی لە شاری تەدمور كرد، هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و ئاسایشی سووریا رێگەی دێرزوور- دیمەشقیان داخست، بەپێی زانیارییەكان بریندار لە ریزی ئاسایشی سووریا و هێزەكانی ئەمەریكا هەیە و برینی هەندێكیان سەختە، بەهۆی رووداوەكە شاندەكە بەپەلە شوێنەكەی بەرەو بنكەی تنف جێ هێشتووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل