لە دوای شەڕە 12 رۆژییەكەی مانگی حوزەیرانی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران، راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد كە ئێران خەریكی بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمی و مووشەكی و سەربازییەكانیەتی، چەكێكی زۆری پێشكەوتووی لە بەرگری ئاسمانی و فڕۆكەی پێشكەوتوو و سووتەمەنی رەقی مووشەكی كڕیوە، رۆژنامەیەكی بەریتانی باسی ئەوە دەكات تاران مووشەكەكانی بەرەو رۆژهەڵاتی دەگوازێتەوە و خۆی بۆ گەڕێكی تری شەڕ ئاماژە دەكات.
جیا لەوەی ئێران لە دوای شەڕەكەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا بەر لە چەند مانگێك خەریكی بەخۆداچوونەوە و پڕكردنەوەی كەموكورتییەكانە، سەرقاڵی نمایشی هێزیشە، وەك هەنگاوێك بۆ چاككردنەوەی وێنەی خۆی لە ناوەوەی ئەو وڵاتە بەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشی تری هەیە و ئەوەی ئەوجارە دەیكات زۆر لەوەی پێشوو زیاتر و كاریگەرتر دەبێت، وەك رۆژنامەی "فاینانشیەڵ تایمز"ی بەریتانی باسی دەكات.
عەمید عەلی نائینی گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژە دەكات كە تاران لە دوای شەڕە 12 رۆژییەكە كاری لەسەر زیادكردنی توانای مووشەكەكانی لە رووی پێكانەوە كردووە، ئەوەش بۆ گەیشتن بۆ ئەوپەڕی خۆسازدان و دووپاتی كردەوە كە ئەگەر مووشەكی بالیستیی دوورمەودا نەبوایە، ئەو شەڕە بە هاوشێوەی شەڕی عێراق هەشت ساڵی دەخایاند.
ئەو قسانەی بەرپرسەكەی پاسداران هاوكاتە لەگەڵ رێكخستنی پێشانگەیەكی سەربازی لە تاران كە ئێران مووشەكی پێشكەوتووی بالیستی و درۆن و زریپۆش و پاشماوەی درۆنێكی پێشكەوتووی ئیسرائیلی خستە روو، عەمید عەلی بیلالی بەڕێوەبەڕی پێشانگەكە گوتی، مەبەست پێشاندانی ئەو چەكانەیە كە خۆمان دروستمان كردوون و دەرخستنیان ئەوەیە كە ئێران لە ریزی وڵاتانی پێشكەوتووە لە رووی بەرهەمهێنانی چەكەوە. دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوایی بە رۆژنامەكەی گوت، رەنگە ئێران روو بكاتە گواستنەوەی مووشەكەكانی بۆ قووڵایی رۆژهەڵاتی وڵاتەكە دوور لە هەڕەشەی فڕۆكەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكی.