حكوومەتی عێراق ژمارەیەك بەرپرس لەسەر بڵاوكراوەكەی رۆژنامەی وەقائیع دوور دەخاتەوە

:: PM:07:54:16/12/2025 ‌

دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارێك لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە ژمارەی 17ی تشرینی دووەمی رابردوو، بە سەپاندنی سزا بەسەر حزبوڵای لبنانی و حوسییەكانی یەمەن، ئەوكات هەرایەكی گەورە دروست بوو و حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو بابەتە پێك هێنا، ئەمڕۆ پاڵپشتیی لە راسپاردەكانی لیژنەكە و دوورخستنەوەی ژمارەیەك بەرپرس و گۆڕینی هەندێكی تریان كرد.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنی ژمارە 50ی خۆی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی لە بەغدا ساز كرد، باسی چەند بابەتێكی گرنگ كرا، لەوانە پاڵپشتیكردنی راسپاردەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەوەی لە 17ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاو كرایەوە لەبارەی بڕیاری لیژنەی بلۆككردنی پارەی تیرۆریستان كە ناوی حزبوڵای لبنانی و حوسییەكانی یەمەنی تیادا بوو، راسپاردەی لیژنەكە داوای سەپاندنی سزای ئیداری بەسەر ژمارەیەك بەرپرس لەو هەڵەیە كردبوو، بە دوورخستنەوەی ژمارەیەك بەرپرسی پێوەندیدار و گۆڕینی هیتریان. 

هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەمجوومەنی وەزیران سوودانی پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی زاخۆ كرد بە بۆنەی بردنەوەیان بە خەڵاتی فیفا و ناسناوی باشترین هاندەر بۆ 2025، هەروەها پەسندی راسپاردەكانی كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری لەبارەی رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ چاكسازیی ئابووری و ئیداری كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل