راپۆرتێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە واشنتن بەرەو كەمكردنەوەی ژمارەی بنكە سەربازییە سەرەكییەكانی لە دنیا هەنگاو دەنێت، لەگەڵ كەمكردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی
"واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا ئامادەسازی بۆ دانانی پلانێك دەكەن بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی بنكە سەرەكییەكانی سوپای ئەمەریكا و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە نێوان جەنەراڵەكانی، ئەوەش بە مەبەستی دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە پرۆسەیەكی فرەوانی یەكخستنەوەی هێزەكان بە سەرپەرشتیی بیت هیگسیس وەزیری جەنگ.
ئەو پلانە ئەگەر بڕیاری لەسەر بدرێت، دەبێتە گەورەترین گۆڕانكاری لە هەرەمی سەركردایەتیی سەربازیی لە ماوەی چەندان ساڵ، ئەوەش وەك جێبەجێكردنی بەڵێنێكی هیكسیس بە گۆڕینی دۆخی هەیە و كەمكردنەوەی ژمارەی جەنەراڵەكانی چوار ئەستێرە، بەپێی پلانەكە دەسەڵاتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا و سەركردایەتیی ئەوروپا و ئەفریقیا كەم دەبێتەوە، لە رێگەی یەكخستنیان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەییەكی نوێ بە ناوی "فەرماندەیی نێودەوڵەتیی ئەمەریكی"، ئەوەش بەپێی پێنج سەرچاوەی ئاگەدار لەو بارەوە.
رۆژنامەكە دەڵێت، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو داین كاین سەرۆك ئەركانی هاوبەش وردەكاریی پێشنیازەكە پێشكەش وەزیری جەنگ بكات، ئەو هەنگاوانەش دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ژمارەی فەرماندە سەربازییە باڵاكان لە 11 بۆ هەشت، هەروەها كەمكردنەوەی ژمارەی جەنەراڵ و ئەمیراڵەكانی چوار ئەستێرە لەوانەی راستەوخۆ راپۆرت پێشكەش هیگسیس دەكەن، ئەو پلانەش لەگەڵ ستراتیجیەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەگونجێت كە مانگی رابردوو هاتە راگەیاندن.