لە چوارچێوە گوشارەكان لەسەر رووسیا، پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری قەدەغەی كڕینی غازی رووسیای لە كۆتایی 2027 پەسند كرد، ئەوەش لە میانەی دانیشتنێكی گشتیی پەرلەمانەكە لە ستراسبۆرگ.
ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپایە بۆ بڕینی سەرچاوەی پاڵپشتیكردنی دارایی شەڕی رووسیا لە دژی ئۆكراینا، وەك نەهێشتنی بەربەستی سەرەكی لەبەردەم وەرگرتنی رێوشوێنەكە، كە پێویستی بە رەزامەندیی وڵاتانی یەكێتییەكە هەیە، ئینیس فیدێر بڕیاردەری پڕۆژەبڕیارەكە دەڵێت، قەدەغەی كڕینی غازی رووسی دەستكەوتێكی گەورەی یەكێتی ئەوروپایە.
روونی كردەوە، لەوەتەی شەڕ لە شوباتی 2022 دەستی پێ كردووە، یەكێتی ئەوروپا بڕی 216 ملیار یۆرۆی بەرانبەر بە سووتەمەنی بەردینی رووسیا داوە، ئێستەش رۆژانە 40 ملیۆن یۆرۆ دەدەینە رووسیا بۆ ئەو مەبەستە كە پارەكەی بۆ پاڵپشتیكردنی كوشتارەكانی ئۆركراینا دەچێت.
بەپێی بڕیارە پەسندكراوەكە، بەهەنگاو كڕینی غازی رووسیا قەدەغە دەكرێت، كە لە 1ی تشرینی دووەمی 2027 بۆ گرێبەستە درێژخایەنەكان دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی چەند دەیە ساڵێك بەردەوام دەبێت، سزای داراییش دەخرێتە سەر ئەو كۆمپانیایانەی سزاكە دەشكێنن، بەڵام بڕیارەكە كڕینی نەوت و سووتەمەنی ئەتۆمیی رووسی بەتەواوەتی ناگڕێتەوە كە تا ئێستە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا بەكار دەهێنرێت.