وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە بڕیارێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی كرد بە هەڵوەشاندنەوەی رێپێدان بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە لایەن سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ ساڵانی 1991 و 2002، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی 2026.
بەپێی بیەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتەكە پێشوازی لە دەنگدانی مێژووییانەی كۆنگرێسی ئەمەریكی بە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران دەكات بە هەڵوەشاندنەوەی رێگەپێدان بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق لە ساڵانی 1991 و 2002، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی 2026.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق خواستی خۆی دەربڕی بۆ واژووكردنی سەرۆك ترەمپیش لەسەر پڕۆژەیاساكە، دووپاتی كردەوە كە تەواوكردنی قۆناغەكانی هەڵوەشاندنەوەی دوو رێگەپێدانەكە بە بەكارهێنانی هێز لەو دوو ساڵە، كە زیاتر لە 30 ساڵیان بەسەردا تێپەڕیوە، ئاماژە بۆ گۆڕانی قەناعەتی یاسادانەرە ئەمەریكییەكان دەكات بۆ هەندێك دۆخی ناوخۆیی و دەرەوەی ئەو وڵاتە.
بەپێی بەیاننامەكە، ئەو هەڵوەشاندنەوە خاڵێكی گرنگی گۆڕانكارییە لە سروشتی پێوەندیی یاسایی نێوان هەردوو وڵات، دەبێتە بنەما بۆ شێوەیەكی نوێی پێوەندی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و كۆتاهاتنی كولتووری شەڕ، جیا لە بەهێزكردنی چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیجی، ئەوەش پەیامێكە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی عێراق بووەتە ژینگەیەكی لەبار و سەلامەت بۆ وەبەرهێنان، دووپاتی لە پابەندی عێراق بە بەهێزكردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا كردەوە بەو شێوەی ببێتە مایەی بنیاتنانی هاوبەشییەكی درێژخایەن خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات و پاڵپشتی لە سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات.