فایەق زێدان سوپاسی بەشێك لە میلیشیاكان دەكات

:: PM:07:01:20/12/2025 ‌

فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق رای گەیاند كە ژمارەیەك لە گرووپە چەكدارەكانی عێراق وەڵامی داوای رادەستكردنی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەتیان داوە، سوپاسی هاوكاریی ئەوانی لەگەڵ دەوڵەت كرد بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و دووپاتی لە پێویستیی گۆڕان بەرەو كاری سیاسی كرد لە دوای كۆتاهاتنی پێویستی بە كاری سەربازی.

وەك لە بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هاتووە، زێدان سوپاسی سەركردەی ئەو میلیشیایانە دەكات كە وەڵامی رێنوێنییەكەیان داوەتەوە لەبارەی هاوكاریكردن بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت و گۆڕان بەرەو كاری سیاسی لە دوای كۆتاهاتنی پێویستی بە كاری سەربازی.

ئەمە و لە دوێنێوە ژمارەیەك میلیشیای شیعەی عێراقی دەستیان بە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت كردووە، لەوانە شبل زەیدی ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی ئیمام عەلی و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق و گرووپی ئەنساروڵای ئەوفیا، ئەوە لەوكاتەی هاتنی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق نزیك بووەتەوە و ئەمەریكا هەڕەشەیەكی رژی لە هێزە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی شیعە كردووە، لە ئەگەری بەشداریپێكردنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە حكوومەتی نوێ و پێویستیی داماڵینی چەكیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل