ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دوا ناخرێت

:: PM:10:37:20/12/2025 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە 29ی ئەم مانگە دیاری كرا، ئەمشەو سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دووپاتی كردەوە كە وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە 29ی ئەم مانگە دوا ناخرێت و دەبێت سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دیاری بكرێن.

وەك لە بەیاننامەی ئەنجوومەنەكەدا هاتووە، ئەمشەو فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری  دووپاتی لە گرنگی رێزگرتن لە وادە دەستوورییەكان بۆ هەڵبژاردنی هەرسێ سەرۆكایەتی كردەوە بەو شێوەی گەرەنتیی پێكهێنانی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن دەكات.

روونی كردەوە، پێویستە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە 29ی ئەم مانگە كۆتایی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بێت و لە رووی دەستووری و یاساییەوە ناكرێت دانیشتنەكە دوا بخرێت یان درێژ بكرێتەوە، جیا لەوە زێدانی دووپاتی لە گرنگیی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار لە وادەی دەستووری خۆی كردەوە، كە 30 رۆژە لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە 29ی ئەم مانگە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل