بەهۆی داماڵینی چەك میلیشیاكان هێرش دەكەنە سەر یەكتر

:: PM:08:53:21/12/2025 ‌

ئێستە لە ناو سۆشیال میدیای عێراق هەڵمەتێكی فرەوانی یەكتر تۆمەتباركردن و گاڵتە بە یەكتركردنی لایەنگری میلیشیا شیعەكان هەیە، چونكە ئەوان سەرەتا دەیانگوت چەكەكانیان تەنیا بە ئیمام مەهدی دەدەن، ئێستەش ئامادەن بە گوشاری ئەمەریكا و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە حكوومەتی عێراقی بدەن، ئەمڕۆ كۆنگرەی سەحوەی عێراق رەخنەی لە سووربوونی میلیشیایەك گرت كە ناوی نەهێنا، لە رەتكردنەوەی داماڵینی چەكەكانی.

كۆنگرەی سەحوەی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رێزی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق پێشان دا بەهۆی رێنوێنییە یاساییەكەی لەبارەی داماڵینی چەكی میلیشیاكانەوە، دووپاتی لە گرنگی پابەندبوون بە دەستوور و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵگە كردەوە.   

كۆنگرەكە پاڵپشتیی تەواوەتی خۆی بۆ رێنوێنیەیكانی مەرجەعیەت و متمانەی بە هەڵوێستە بەرپرسیارانەكەی دووپات كردەوە، ستایشی هەڵوێستی ئەو میلیشیایانەی كرد كە وەڵامی رێنوێنییەكانیان دایەوە و داماڵینی چەك و چوونە ناو كاری سیاسییان هەڵبژارد، رەخنەی لە سووربوونی گرووپێك گرت بەهۆی یاخیبوونی و رەتكردنەوەی رێنوێنییەكان كە مایەی نیگەرانی زۆرە، بەتایبەتی هێنانەوەی پاساوی بێ بنەما و ئامانجی ئاشكرا كە خزمەت بە دەوڵەت و كۆمەڵگە ناكات.

بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ رێنوێنییەكانی دەسەڵاتی دادوەری كرد بەوەی بەرجەستەی فەرمانی یاسایی پابەند دەكات كە قبووڵی خۆدزینەوە و هەڵبژاردن لە جێبەجێكردن ناكات، بۆیە بەردەوامبوون لە رەتكردنەوەی پێشێلكردنێكی زەقی یاسایە و تەحەدایەكی راستەوخۆی شكۆی دەوڵەت و دامەزراوەكانیەتی، سووربوون لەسەر مانەوەی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت و دەستگرتن بە وابەندیی دەرەكی ناكرێ بەهیچ ناوێكی نیشتمانی و سیاسی پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل