لە ئارامترین گەڕەكی ئەوروپا تەقە لە سەرۆك هۆزێكی كورد كرا

:: AM:10:22:22/12/2025 ‌
لە گەڕەكی لیشتیرفیڵدەی بەناوبانگ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كە بە گوتەی راگەیاندنی ئەو وڵاتە، ئارامترین گەڕەكی شارەكانی هەموو ئەوروپایە، تەقە لە سەرۆك هۆزێكی كورد كرا. 

سەرۆك هۆزێكی كورد بەناوی "مێهمەت. ك" كە چەند دەیەیەكە لە ئەڵمانیا دەژی و لەو وڵاتە خاوەن كارە و سەرمایەدارێكی دیارە، لە ئارامترین شوێنی بەرلین بەر دەستڕێژی فیشەك درا.

بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵی DW بڵاوی كردەوە، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو 20 فیشەكیان بە ماڵی پیاوێكی خاوەنكاری بەناوبانگ و سەرۆك هۆزێكی كورد بەناوی "مێهمەت. ك" ناوە، مێهەمەت بەتەمەنە و نەخۆشیشە، بەڵام بەهۆی پەنجەرە گولەنەبڕەكانیەوە سەلامەت دەرچوو.

راگەیاندنەكانی ئەڵمانیا پێیان وایە كێشەكە كەسی بووە و بەشێكی زۆری پێوەندیی بەململانێی كارەوەیە.

مێهمەت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوی كردەوە، "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە كە خۆم و خێزانەكەم لەو هێرشە سەلامەت بووین و هێرشێكی ترسنۆكانەیە، ئەگەر پیاون و ئازان با راستەوخۆ رووبەڕووی خۆم ببنەوە، نەك ماڵ و خێزان بكەنە ئامانج.

میهمەت خەڵاتی 500 هەزار یۆرۆی دیاری كردووە بۆ ئەو كەسەی زانیاریی پێ بدات لەسەر كردەوەكە كە ببێتە هۆی گرتنی هێرشبەرەكان.

ئەو سەرمایەدارە كوردە خاوەن چێشتخانە و هۆڵی وەرزشی و چەندان بازاڕە لە ئەوروپا.

ئەوروپییەكان بۆ ئاژانسی DW قسەیان كردووە و پێیان سەیر بووە لەو گەڕەكەدا تەقە كراوە، باس لەوە دەكەن ئارامترین گەڕەكی ئەوروپا شێوێنراوە.



وشە - سۆران عەزیز