ئەمڕۆ دووشەم شەڕ كەوتە نێوان هێزەكانی ئاسایش و گرووپەی چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، شەڕە كە بۆ بۆردمانی سەختی یەكتر پەرەی سەند هەردوولا یەكتریان بە هەڵگیرسانی شەڕەكە تۆمەتبار كرد، ئەگەرچی چاودێران پێیان وایە شەڕەكە لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق هەڵگیرساوە و پێوەندی بە گوشارەكانی سەر هەسەدە هەیە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی دیمەشق.
بەپێی ئامارەكانی بۆردمانی ئەمشەوی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و دەوروبەریان لە حەلەب، سێ كەس كوژراون و 12ی تریش بریندارن، جیا لە برینداربوونی ژمارەیەك لە لایەنە شەڕكەرەكان، حكوومەتی سووریا هێزێكی زۆری لە ناوچەكە كۆ كردووەتەوە و خەریكی بۆردمانكردنی ناوچە كوردییەكانە، چەند سەرچاوەیەك بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" یان راگەیاند كە ئەمەریكا هاتووەتە ناو بابەتەكە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە.
بەپێی سەرچاوەكان تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا و براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا خەریكی پێوەندین لەگەڵ هەردوولا بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و وەستانی شەڕەكە كە ئەمڕۆ ئێوارە فرەوانتر بوو، ئەوەش بۆ رێگرتن لە داعش و وڵاتانی نەیار بۆ سووریا لە سوودبینین لە دۆخەكە.
لای خۆیەوە هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا رەتی كردەوە كە هێزەكانی گەڕەكەكانی حەلەبیان بۆردمان كردبێت، دووپاتی كردەوە كە تۆمەتی دەزگە تەناهییە سەربازییەكانی دیمەشق رەت دەكەینەوە بەوەی هێزەكانی ئێمە گەڕەكەكانی حەلەبیان بۆر دمان كردبێت، كە بەپێی رێككەوتنی 10ی ئادار شوێنەكانی خۆمان لەو شارە رادەستی ئاسایش و هێزە تەناهییەكانی حكوومەتی سووریا كردووە، روونی كردەوە كە هۆكاری ئەو دۆخە دەكەوێتە ئەستۆی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا كە چوار مانگە كێشە دروست دەكەن و گەمارۆی ئەو دوو گەڕەكەیان داوە و لەبەر چاوی دەزگەكانی حكوومەتی سووریا خەریكی پێشێلكارین.
دووپاتی كردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لە بۆردمانكردنی گەڕەكە هاووڵاتینیشینەكان بەهۆی ئەو گرووپانەوەیە كە لە رۆژئاوا و باكوری حەلەبەوە بە مووشەك گەڕەكەكانی شارەكە بە مەبەستی نانەوەی دووبەرەكی بۆردمان دەكەن، تا ئاستێك تانك و تۆپهاوێژ دێننە سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و هەڕەشە دەخەنە سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئارامیی ناوچەكە.