لە دوا دیداری لەگەڵ گوڵستان كیلچ و فەتی یەڵدز و حوسێن یەمان، ئۆجەلان داوای كردووە بەشێك لە داهاتی نەوتی دەرهێنراو لە ناوچەی گابار بۆ ناوچەكە و ئیدارەی خۆجێی تەرخان بكرێت، هاوكات گوتوویەتی: بابەتی نەتەوەیی و تایفییەكان بەهەند وەربگیرێت.
سایگی ئۆزتورك رۆژنامەنووسی دیاری تورك، لە گوتارێكدا كە لەرۆژنامەی (سۆزجۆ) بڵاوكردووەتەوە هەندێك زانیاریی لەبارەی دوا كۆبوونەوەی ئۆجەلان لەگەڵ شاندەكە خستووەتەڕوو و رای گەیاندووە، داواكارییەكانی ئۆجەلان گەلێك زیادیان كردووە و بەشێوەیەك كە هەردوو پارتی مەهەپە و ئاكپارتی سەریان سوڕماوە.
سایگی دەڵێت: ئۆجەلان لە دیدارەكەیدا باسی نەوت و غازی گاباری كردووە، باسی ئەو سەرچاوانەی كردووە كە توركیا دەیەوێت وەك كارتێكی ئابووری بەهێز پشتیان پێ ببەستێت.
ئەوەشی گوتووە كە ئۆجەلان گوتوویەتی دەبێت ئەو داهاتە لەو شوێنانە بەدەست دێن، بەشێكی بۆ سنوورەكە و خەڵكەكە خۆی تەرخان بكرێت.
هاوكات داوای كردووە بابەتە نەتەوەیی و مەزەوییەكان بەهەند وەربگیرێت و زمانی كوردی بكرێتە زمانی خوێندن و فێركردن. ئۆجەلان داواشی كردووە لە ئایندەدا ئەم پرسە پێش بخرێت و زمانی كوردی بكرێتە زمانێكی فەرمی لە توركیا هاوشێوەی ئەو مۆدێلەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێ دەكرێت.
ئەو رۆژنامەنووسە باسی لەوەش كردووە، ئۆجەلان لەبارەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، بەهیچ شێوەیەك باسی هەڵوەشاندنەوەی نەكردوون، بەڵكو گوتوویەتی، ببنە هێزی ئاسایش لە ناوچەكانی خۆیان، ئەوەش بەو مانایەی پشتیوانی مانەوەی كردوون.
ئۆجەلان داواشی كردووە مادەی 66 دەستووری توركیا هەموار بكرێتەوە، كە دەڵێت: هەر كەس هەڵگری رەگەزنامەی توركی بێت ئەوە توركە.
سایگی ئۆزتورك مەترسی خۆی نەشاردووەتەوە، كە داواكانی كورد بەتایبەت ئۆجەلان بەردەوام زیاد دەكەن و لە شوێنێكدا نامێننەوە، ئۆجەلان داوای پەیماننامەی ئەوروپای كردووە بۆ ئۆتۆنۆمی و پێی وایە باشترین مۆدێلی بەڕێوەبەردنە و پێویستە بۆ توركیا.