بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری: بەردەوامیی ئاڵۆزییەكان هەڕەشە لە رێككەوتنی دیمەشق دەكات

:: PM:05:19:23/12/2025 ‌

دوێنێ هاوكات لەگەڵ سەردانی شاندێكی باڵای توركیا بۆ دیمەشق و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا، لە گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب كێشە دروست بوو، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا تەقەیان لە ئاسایشی هەسەدە كرد و بۆردمانێكی چڕی ئەو گەڕەكانەیان دەست پێ كرد و بەو هۆیەوە شەڕ دروست بوو، بەرپرسێكی خۆسەریی رۆژئاوا دووپاتی كردەوە بەردەوامیی ئاڵۆزییەكان هەڕەشە لە رێككەوتنی دیمەشق دەكات.

لەوكاتەی توركیا و سووریا گوشارێكی تەواو لە هەسەدە دەكەن بۆ یەكخستنی هێزەكانی لەگەڵ سوپای سووریا و یەكخستنی ناوچەكانی ژێر دەستی لەگەل حكوومەتی سووریا بێ هیچ مەرجێك، بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا و فڕەنسا گفتوگۆ لە نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی 10ی ئاداری دیمەشقی نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا بەردەوامە.

سیهانۆك دیبۆ بەرپرس لە ئیدارەی خۆسەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا رای گەیاند كە لە سایەی هەوڵەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، دۆخی گەڕەكی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب روو لە هێوربوونەوەیە، بەڵام بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكان هەڕەشە لە رێككەوتنی 10ی ئاداری واژووكراو لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەكات، لەوكاتەی پێویستە پارێزگاری لە سەقامگیری بكرێت و هەوڵی جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە بدرێت.

روونی كردەوە كە ئەمەریكا سوورە لەسەر بەردەوامبوونی هێمنی و رێگرتن لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی رێگرتن لە پەرەسەندن و مسۆگەریی ئارامیی ناوچەكە.  

شەوی رابردوو هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا رەتی كردەوە كە هێزەكانی گەڕەكەكانی حەلەبیان بۆردمان كردبێت، دووپاتی كردەوە كە تۆمەتی دەزگە تەناهییە سەربازییەكانی دیمەشق رەت دەكەنەوە بەوەی هێزەكانیان گەڕەكەكانی حەلەبیان بۆر دمان كردبێت، كە بەپێی رێككەوتنی 10ی ئادار شوێنەكانی خۆیان لەو شارە رادەستی ئاسایش و هێزە تەناهییەكانی حكوومەتی سووریا كردووە.

روونی كردەوە، هۆكاری ئەو دۆخە دەكەوێتە ئەستۆی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا كە چوار مانگە كێشە دروست دەكەن و گەمارۆی ئەو دوو گەڕەكەیان داوە و لەبەر چاوی دەزگەكانی حكوومەتی سووریا خەریكی پێشێلكارین، ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لە بۆردمانكردنی گەڕەكە هاووڵاتینیشینەكان بەهۆی ئەو گرووپانەوەیە كە لە رۆژئاوا و باكوری حەلەبەوە بە مووشەك گەڕەكەكانی شارەكە بە مەبەستی نانەوەی دووبەرەكی بۆردمان دەكەن، تا ئاستێك تانك و تۆپهاوێژ دێننە سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و هەڕەشە دەخەنە سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئارامیی ناوچەكە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل