سەرچاوەیەك: شاندێكی میلیشیاكان سەردانی ئێران دەكات

:: PM:08:25:23/12/2025 ‌

لە ماوەی دوایی، بەتایبەتی لە دوای بردنەوەی میلیشیاكان بە ژمارەیەكی زۆری كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەوان چاویان لە چوونە ناو حكوومەت و وەرگرتنی پۆستە، كەچی ئەمەریكا هێڵی سووری بۆ دیاری كردوون و داوای داماڵینی چەكیان دەكات، ژمارەیەك میلیشیاكان رازی بوون چەك دابنێن و رادەستی دەوڵەتی بكەنەوە، هاوكات ژمارەیەكیان رەتیان كردەوە، سەرچاوەیەك باسی سەردانی شاندێكی میلیشیا ناڕازییەكان بۆ ئێران دەكات.

دۆخی عێراق تا ئاستێك هاوشێوەی لبنانی لێ هاتووە، لە لبنان ئەمەریكا گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر حكوومەت و سوپای لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا و كردوویەتییە مەرج بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی واشنتن و وڵاتانی كەندا و رۆژئاوا لەگەڵ بەیرووت، لبنانی لە نێوان پاڵپشتی دارایی و ئاوەدانكردنەوە و بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیل سەرپشك كردووە، ئەوەش وای كردووە شیعەی لبنان پەیامێك بۆ سەركردایەتیی باڵای ئێران رەوانە بكەن و داوا بكەن تا كار لە كار نەترازاوە بە داماڵینی چەكی حزبوڵا رازی بێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی، ئەمڕۆ سێشەم شاندێك كە نوێنەرایەتیی ژمارەیەك میلیشیای عێراقی دەكات ئەوان داماڵینی چەك رەت دەكەنەوە، گەیشتووەتە ئێران، لە سەردانێكی تایبەت بۆ باسكردنی ئەو بابەتە و گوشارەكانی ئەمەریكا پێوەست بە داماڵینی چەكیان و مانەوەی تەنیا لای دەوڵەت، شاندەكە لە ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی و سەركردەی میلیشیاكان پێك هاتووە و بڕیارە زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ساز بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دواڕۆژی میلیشیاكان و رێكخستنی هەڵوێستیان بۆ قۆناغی داهاتوو، لە سایەی زیادبوونی قسەوباسی رادەستكردنی چەك بۆ دەوڵەت و تاوتوێكردنی میكانیزمەكانی ئەو كارە بە كردەنی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل