توركیا گوشارێكی زۆر لە هەسەدە دەكات بۆ نەهێشتنی هێز و ناوچە ئیدارییەكانی و خۆیەكخستنەوەی لەگەڵ حكوومەتی سووریا، لەو ناوەدا رۆژنامەیەكی توركی ئاماژە دەكات كە عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی پەكەكە پەیامێكی بۆ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە رەوانە كردووە و داوای كردووە كۆتایی بە بوونی چەكدارانی بیانی لە ریزەكانی هەسەدە بێنێت.
رۆژنامەی
"توركیا"ی نزیك لە حكوومەتی توركیا، ئەمڕۆ سێشەم بڵاوی كردەوە كە دەسەڵاتدارانی توركیا بابەتی دەركردنی ئەندامە بیانییەكانی هەسەدەیان لەگەڵ ئۆجەلان باس كردووە، كە مەرجێكی ئەنقەرەیە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی یەكخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا، كە لە 10ی ئاداری رابردوو لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژوو كراوە و ئەنقەرە گفتوگۆ و سازشی لەسەر ناكات، ئەو رێككەوتنەی بڕیار بوو تا كۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ بكرێت و نەكراوە.
بەپێی رۆژنامەكە، توركیا دەركردنی ئەندامە بیانییەكانی هەسەدە بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنێت و دەبێتە پاڵنەر بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی بە مەبەستی جێبەجێكردنی پلانی ئاشتیی توركیا، كە ئۆجەلان و هێزە كوردییەكان بە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی مەدەنی ناوی دەبن، ئەوكات هاووڵاتییانی تورك لە ریزی هەسەدە دەتوانن بگەڕێنەوە توركیا ئەگەر بیانەوێت، هەروەها ئەوان دەتوانن سوود لە دەقە یاساییەكان ببینن كە توركیا بە نیازە لە چوارچێوەی پرۆسەی لێكهەڵوەشانەوەی پەكەكە و گرووپەكانی تری لەوانە یەكینەكانی پاراستنی گەل و داماڵینی چەكیان دایان رێژێت.
دوای ئەوەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی رابردوو پەیامێكی ئاراستەی پەكەكە كرد بۆ ئاشتی و دانانی چەك و خۆهەڵوەشانەوە، ئەنقەرە پێی وایە ئەو داوایە یەپەگە و هەسەدەش دەگرێتەوە، كەچی مەزڵووم عەبدی دووپاتی كردەوە كە پەیامەكە پێوەندی بەوانەوە نییە، بەر لە دوو هەفتەش عەبدی ئاماژەی كرد كە پێویستە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان بكەن، بۆیە ئەگەری هەیە سەردانی توركیا بكات، ئەگەر ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی كار بكاتە سەر چارەسەری كێشەكان.