بڕیارە لە 28ی ئەم مانگە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەمەریكا بكات و لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆ ببێتەوە، ئەوان باسی چەند پرسێكی گرنگ بۆ ساڵی داهاتوو دەكەن، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن پرسی ئێران بابەتی سەرەكیی دیدارەكە دەبێت.
چەند پرسێكی گرنگ چاوەڕوانی دیداری سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆكی ئەمەریكا دەكات، لەوانە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران بەرانبەر بەو راپۆرتانەی باسی بنیاتنانەوەی هەردوو بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی دەكەن، جیا لە رێگەنەدانی بە داماڵینی چەكی میلیشیاكانی لە لبنان و عێراق و هەوڵی بەهێزكردنەوەیان، هەروەها پرسی لبنان و سووریا و جێبەجێكردنی دووەم قۆناغی پلانەكەی ترەمپ لە كەرتی غەزە، بەتایبەتی داماڵینی چەكی بزووتنەوەی حەماس.
چەند سەرچاوەیەك بە رۆژنامەی
"ئیسرائیل هیوم"یان راگەیاند، كاتێك نەتنیاهۆ باسی ئەوەی كرد كە دۆسیەی ئێران لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ترەمپ سەرەكی نییە، بە مەبەستی لابردنی سەرنجەكانە، ئەگینا گفتوگۆكان سەرنج دەخەنە سەر هەوڵەكانی تاران بۆ بنیاتنانەوەی تواناكانی لە بواری ئەتۆمی و مووشەكیی بالیستی و بەرگریی ئاسمانی.
ئەمە و هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل بە وردی و لە نزیكەوە چاودێری هەوڵەكانی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمی و مووشەكییەكانی و بەهێزكردنی هێزی ئاسمانی و سیستمی بەرگریی مووشەكی دەكەن، جیا لە هاوئاهەنگییەكی وردی نێوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانە و پەكخستنی بە رێگەی گونجاو لەوانە ئەگەری هێرشێكی تر بۆ سەر تاران.
بەپێی سەرچاوەكان ئیسرائیل هەوڵی رازیكردنی ئەمەریكا دەدات بە وەرگرتنی هەڵوێستێكی توند، روونی دەكاتەوە كە رژێمی ئێران لەپاڵپشتیكردنی میلیشیاكان لە ناوچەكە و نانەوەی پشێوی بەردەوامە، ئەوەش بەربەست دەخاتە بەردەم پلانەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.