تا ئێستە شەڕی رووسیا و ئۆكراینا بەردەوامە و بە دداننانی هەمووان تەنیا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا توانای وەستانی شەڕەكەی هەیە، بەڵام مەبەستی ئەمەریكا لە بەردەوامیی شەڕەكە نازانرێت، لە ماوەی دوایی وڵاتانی ئەوروپا چاویان بە بواری بەرگریی و سەربازیی خۆیان خشاندەوە لە سایەی ئەو راپۆرتانەی باسی ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەریان دەكات، سەرۆك وەزیرانی مەجەر پێی وایە دوور نییە لە 2026 شەڕ ئەوروپا بگرێتەوە.
ڤیكتۆر ئۆربان سەرۆك وەزیرانی مەجەر لە دیدارێكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، بەدووری نازانین لە 2026 شەڕ ئەوروپا بگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەوروپا 80 ساڵە بە ئاشتییانە دەژیت لە دوای كۆتاهاتنی دووەم جەنگی دنیا، بەڵام ئێستە دۆخەكە گۆڕاوە.
سەرۆك وەزیرانی مەجەر پێی وایە ئەگەری هەیە سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا تەواوی كیشوەرەكە بەرەو شەڕ ببەن، گوتی، ئێمە لە شەڕ نزیك دەبینەوە، لە لووتكەی ئەكێتیی ئەوروپا لە برووكسل لە 18 و 19ی دیسێمبەر، چەند پێشنیازێك خرایە روو و چەند بڕیارێك دران بە مەبەستی پەرەسەندنی ململانێی ئۆكراینا و رووبەڕووبوونەوەی رووسیا، دووپاتی كردەوە كە ئەو سیاسەتوانانەی داوای ئاشتی دەكەن، تەنیا لە خاوكردنەوەی رووچوونە ناو شەڕ سەركەوتوو بوون.
شایەنی باسە ڤیكتۆر ئۆربان سەرۆك وەزیرانی مەجەر بە بەردەوام رەخنەی لە هەڵوێست و سیاسەتەكانی ئەكێتی ئەوروپا بەرانبەر بە رووسیا گرتووە، پێشتریش رەتی كردەوە كڕینی وزەی لە رووسیا بوەستێنێت، بەمدواییەش پێشنیازی دیدارێكی لووتكەی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین لەسەر خاكەكەی كرد بۆ وەستانی شەڕی ئۆكراینا.