پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، شەوی رابردوو لە گوتارێكیدا باسی ئاساییكردنەوەی كرد كە دیار نەبوو مەبەستی چی بوو، بەڵام شیعەكانی تووڕە كرد و هەرزوو سوودانی و سەدر بەتوندی وەڵامیان دایەوە.
كاردیناڵ لویس ساكۆ لە ئاهەنگی لەدایكبوونی مەسیح لە كەنیسەی مار یوسف لە بەغدا لە گوتارێكیدا گوتی، هیوادارم حكوومەتی نوێی عێراق گرنگی بە پێوەندییەكان بدات و ئاساییان بكاتەوە، ئەم گوتەیەی كاردیناڵ وا كەوتەوە كە داوای ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیلی كردووە.
موقتەدا سەدر هەرزوو هاتە دەنگ و گوتی، "ئاساییكردنەوە تاوانە" و هەر كەس ئەو تاوانە بكات، پێویستە سزا بدرێت. "هەركەس باسیشی بكات هەر تاوانی كردووە و ئەوانەشی هاندانی بۆ دەكەن تاوانەكەیان گەورەترە".
لەلایەكی ترەوە محەمەد شیاع سوودانی لە هەمان جێگە و لە كاتی بەشداری لە رێوڕەسمەكەدا دوای گوتەكانی كاردیناڵ، راستەوخۆ وەڵامی دایەوە و گوتی، ئەو وشەیە لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە و تایبەتە بە زایۆنیزم.
چاوەڕێ دەكرێت ئەم گوتانەی كاردیناڵ لویس ساكۆ ئەمڕۆ كاردانەوەی زیاتری لێ بكەوێتەوە و شیعەكان بیكەنە دەرفەت بۆ لێدان لەو كەسایەتییە كە پێشتریش هەوڵی لابردنیان لە پۆستەكەی وەك كاردیناڵی عێراق دا، بەڵام بەهۆی پشتگیریی پارتییەوە توانی لە عێراق و كوردستان بمێنێتەوە.