لە دیاریكردنی پۆستە باڵاكان شیعە و سوننە بە بنبەست گەیشتوون

:: PM:09:01:25/12/2025 ‌

سەرەڕای چەندان كۆبوونەوە و دانوستان، هێزە براوەكانی شیعە و سوننە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەبارەی پۆستە باڵاكان، واتە سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران، ئەوان چەند كاندیدێكیان هەیە و ئامادە نین سازش بۆ یەكتر بكەن، لەوكاتەی دەیانەوێ بە یەك كاندید بچنە ناو پەرلەمان، هەفتەی داهاتووش زۆر دوور نییە و دەبێت پەرلەمان لە 29ی ئەم مانگە دانیشتن ساز بكات.

موعین كازمی سەركردە لە رێكخراوی بەدر ئاشكرای كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماوەی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی داخراو و دوور لە كۆبوونەوە ئاساییەكانی بە ئامادەنەبوونی كاندیدانی سەرۆك وەزیران ساز كردووە، تیایدا باسی میكانیزمەكانی دیاریكردنی گونجاوترین كاندیدی سەرۆك وەزیران كراوە، لەو كۆبوونەوە پێنج ناو خراونەتە روو.

روونی كردەوە، دیاریكردنی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەوێتە دەوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی، پێنج كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران هەن، لەوانە محەمەد شیاع سوودانی و ژمارەیەك سەرۆك وەزیرانی پێشوو و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، هەوڵ دەدرێت بەمنزیكانە یەكێكیان بۆ پۆستەكە دیاری بكرێت.

پێشتر عەبدولرەحمان جەزائیری سەركردەیەكی تری شیعە دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆكانی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران گەیشتووەتە رێگەیەكی داخراو، یەكلاكردنەوەی پۆستەكە بێ رەزامەندیی ئەمەریكا نابێت، هێشتنەوەی سوودانی لە پۆستەكەی ناڕەزایی لەسەرە، لەوانە لە لایەن دەوڵەتی یاسا و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییەوە.

ئێستە شیعە دەیانەوێ گوشار بخەنە سەر كورد و سوننە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدانیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار، كەچی لای ئەوانیش دۆخەكە باشتر نییە و زۆر جیاواز نییە لەوەی لەناو ماڵی شیعەدا هەیە، سوننە ناكۆكی گەورەیان لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان هەیە، ئەگەرچی سابت عەباسی سەرۆكی هاوپەیمانی حەسم پێی وایە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی ئێوارەی یەكشەمی داهاتوو كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكی پەرلەمان رادەگەیەنێت، بەڵام هێشتا گفتوگۆ هەیە، هەوڵ دەدرێت بەر لە دانیشتنی پەرلەمان كاندیدەكان یەكلا ببنەوە بۆ ئەوەی بە زیاتر لە كاندیدێك نەچینە ناو دانیشتنەكە و كێشە دروست ببێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل