ماڵپه‌ڕى ئیره‌م نیوزى ئیماراتى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێران گۆڕانكاریى له پۆسته سه‌ربازییه‌كان كردووه و كه‌سانێكى داناوه كه‌متر له راگه‌یاندن ناسراون.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 26ى كانوونى یه‌كه‌م ماڵپه‌ڕى
ئیره‌م نیوزى ئیماراتى له راپۆرتێكدا باسى له‌و گۆڕانكارییانه كردووه كه به بڕیارى خامنه‌یى له پۆسته سه‌ربازییه‌كان له ئێران كراون. له‌وانه هه‌فته‌ى رابردوو به‌همه‌ن بههامهرد وه‌ك فه‌رماندى هێزه ئاسمانییه‌كانى سوپاى ئێران دانراوه له شوێنى حه‌مید وه‌حیدى. هه‌روه‌ها عه‌لى ره‌زا ئیلهامى كراوه‌ته فه‌رماند فه‌رمانده‌یى هاوبه‌شى هێزى ئسمانى خاته‌م ئه‌نبیا له شوێنى عه‌لى ره‌زا سه‌باحى فه‌رد.
ئیره‌م نیوز باسى له‌وه كردووه، هه‌ر دوو ناو له ده‌ره‌وه‌ى دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان زۆر ناسراو نین، سه‌باره‌ت به‌م خاڵه‌یش ئیره‌م نیوز ده‌ڵێ، "ئاراسته‌یه‌كى مه‌به‌ستداره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى شوێنپه‌نجه‌ى فه‌رمانده نوێیه‌كان له كه‌شى گشتى ئێران‌دا".
جگه‌له‌و گۆڕانكارییانه‌ى سه‌ره‌وه، باس له گۆڕینى پۆسته‌كانى تریش كراوه له‌وانه عه‌لى جیهانشاهى كراوه‌ته فه‌رمانده‌ى هێزه وشكانییه‌كان، له شوێنى كیومه‌رس حه‌یده‌رى. چاودێرێكى سیاسى قسه‌ى بۆ ئیره‌م نیوز كردووه و تێیدا هاتووه لۆژیكى "فه‌رمانده نه‌ناسراوه‌كان" له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پێڕه‌و ده‌كرێت، چونكه پێشتر سه‌ركرده دیارییه‌كان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه كرانه ئامانج. به‌ڵام كه‌م ده‌ركه‌وتنیش رێگر نابێت له‌وه‌ى فه‌رمانده نوێیه‌كان بكرێنه ئامانج، به‌ڵام تێچووى ناسین و به‌دواداچوون بۆیان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه قوڕستر ده‌بێت، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات تاران ماوه‌یه‌كى زیاتر به دواى شوێنگره‌وه‌ى ئاماده بگه‌ڕێت و به بێده‌نگى ناوه‌نده‌كانى فه‌رمانده‌یى به‌ڕێوه ببات.
له‌ماوه‌ى جه‌نگى دوانزه رۆژه‌ى هاوینى رابردوو له نێوان ئیسرائیل و ئێران، به ده‌یان فه‌رمانده‌ى ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه كرانه ئامانج و كوژران.