ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری ئێزدی دووپاتی كردەوە كە ئاگرەكەی بازاڕی كۆمەڵگەی باجد كەنداڵی ئاوارەكان لە باشووری رۆژئاوای ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، رووداوێكی ئاسایی نییە، بەرپرسیارەتیی یاسایی و ئەخلاقیی رووداوەكەی خستە ئەستۆی حكوومەتی فیدراڵی و داوای لێ كرد چەند رێوشوێنێكی بەپەلە وەربگرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ
دەخیل لە بەیاننامەیەكدا گوتی، ئەو ئاگرەی كەمپی ئاوارەكانی لە باجد كەنداڵ گرتەوە و بووە هۆی سووتانی زیاتر لە 50 دوكان، ناكرێ بە رووداوێكی ئاسایی حسێب بكرێت، بەڵكو شكستهێنانێكی ئاشكرای پاراستنی سەرچاوەی بژێوی ئاوارەكانە، لەوانەی ساڵانێكە لەژێر بەرپرسیارەتیی راستەوخۆی دەوڵەتی عێراق دەژین.
ئاماژەی كرد، ئەو دوكانانە تاكە سەرچاوەی بژێوی سەتان خێزانی ئاوارە بوون و ئاگرەكەش تەواوی سەقامگیرییە لەرزۆكەكەی ئابووریی ناو كەمپەكەكەی لەناو برد، بەوەش لە سایەی نەبوونی شوێنگرەوە و گەرەنتی، خێزانە زیانلێكەوتووەكان كەوتنە بەرانبەر بە دواڕۆژێكی نادیار. حكوومەتی فیدراڵیش وەك لایەنی بەرپرس لە دۆسیەی ئاوارە و كەمپەكان، تەواوی بەرپرسیارەتیی یاسایی و ئەخلاقی رووداوەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، لە رووی لاوازی رێوشوێنەكانی سلامەتی و نەبوونی چاودێری و دواكەوتن لە بتیاتنانی ژێرخانێكی سەلامەت لە كەمپەكان.
دەخیل داوای لە حكوومەتی عێراق كرد بۆ قەرەبووكردنەوەی بەپەلە و تەواوی زیانلێكەوتووەكان بێ ئەولا و ئەولاكردن و خۆدزینەوە و پێكهێنانی لیژنەیەكی فیدراڵی بۆ دیاریكردنی زیانەكانی رووداوەكە و دانانی میكانیزمێكی روون بۆ دابەشكردنی قەرەبووەكە و وەرگرتنی رێوشوێنی بەپەلەی خۆپارێزی لەناو كەمپەكان و باشكردنی مەرجەكانی سەلامەتی و رێگرتن لە دووبارەبونەوەی ئەو رووداوانە و راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بۆ رای گشتی و لێپرسینەوەی لایەنەن كەمتەرخەمەكان.