چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆشكی سپی ئاماژە دەكەن كە مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە سەرەتای ساڵی نوێ سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات، لە یەكەم سەردانی بۆ عێراق لەوەتەی پۆستەكەی وەرگرتووە، ئەو پلانێكی روونی بەدەستە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق لە بەغدا و حكوومەتی هەرێم لە هەولێر.
سەرچاوەكان روونیان كردەوە، لە دیدارەكەی ساڤایا لەگەڵ ترەمپ لە فلۆریدا لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، باسی داواكارییەكانی سەرۆكی ئەمەریكا لە حكوومەتی عێراق كراوە، ئەوەش دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، ساڤایا ئەنجامەكانی لەگەڵ هەریەك لە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و بیت هیگسیس وەزیری جەنگی ئەمەریكا و بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر باس كردووە.
سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە لە دوو هەفتەی رابردوو پێشوەچوون هەبووە، كاتێك چەند میلیشیایەكی شیعە پاڵپشتیی خۆیان بۆ داماڵینی چەك راگەیاند، ئەو پەرەسەندنە لە لایەن واشنتن وەك ئاماژەیەكی باش لە كاتێكی گرنگ سەیر دەكرێت، بەو پێیەی دەكەوێتە پێش ماوەیەكی كەم لە سەردانی ساڤایا بۆ عێراق، هاوكات داوای ئەمەریكا لە بەرپرسانی بەغدا بۆ پەلەكردن لە كۆتاهێنان بە دۆسیەی چەكی میلیشیاكان بە زووترین كات.
بەپێی سەرچاوەكان واشنتن دەیەوێ بەغدا بكاتە هاوبەشێكی ستراتیجیی ئەمەریكا لە ناوچەكە و لە بازنەی دەسەڵاتی ئێران بێتە دەرەوە، هاوكات ترەمپ و ئیدارەكەی نایانەوێ مامەڵە لەگەڵ خۆدزینەوە و كاتكوشتن لەوبارەوە لەگەڵ عێراق بكەن، بەڵكو دەیانەوێ ئەوەی داوای لێ دەكەن، لەوانە داماڵینی چەك، بە ئامراز و چوارچێوە و وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردن ببەستنەوە، بۆیە ئەوانە تەوەری سەرەكیی سەردانەكەی ساڤایان بۆ بەغدا، واشنتن دووپات لەوە دەكاتەوە كە سەردانەكە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانە نەك گفتوگۆكردن لەبارەیانەوە.