وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ 29ی كانوونی یەكەم یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق بەڕێوە چوو، بەرنامەی كار بریتی بوو لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی نوێ و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دوای دەنگدانی ئەندامان و جیاكردنەوەی دەنگەكان هەیبەت حەلبووسی لە حزبی تەقەدوم وەك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
دوێنێ شەو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوونە رای گەیاند كە هەیبەت حەلبووسی كاندیدی فەرمیی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بێ دەستیەرداربوونی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم لە كاندیدبوون، ئەمڕۆ سامەرایی لە كێبەركێكە كشایەوە و حەلبووسی بە زۆرینەی دەنگ پێش هەریەك سالم عیساوی و عامر عەبدولجەبار كەوت و بووە سەرۆكی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق.
هەیبەت حەلبووسی 45 ساڵ، ئەندامی حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبووسییە و لە دەنگدانی پەرلەمان لە دوای كشانەوەی موسەنا سامەرایی 208 دەنگی بەدەست هێنا، لەوكاتەی سالم عیساوی 66 دەنگ و عامر عەبدولجەبار نۆ دەنگیان بەدەست هێنا و 26 دەنگیش پووچەڵ بووە.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، دەست دەكرێت بە هەڵبژاردنی جێگرەكانی، كە پێشبینی دەكرێت هەریەك لە عەدنان فەیحان لە عەسائیب ئەهلولحەق و شاخەوان عەبدوڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان ببنە جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمان.