هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە داماڵینی چەكی میلیشیكان چۆنە؟

:: PM:08:23:29/12/2025 ‌

لە چەند ساڵی رابردوو میلیشیا شیعەكان وەك باڵی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ناوچە كاریان كردووە و ئەجیندای تارانیان لە عێراق و ناوچەكە جێبەجێ كردووە، ئەوان لەپاڵ بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكیی ئێران سێ كارتی گوشاری تارانن لە ناوچەكە و دنیا، هاوكات ئەوان توانیویانە دەسەڵات و دەستكەوت و بەرژەوەندی دارایی و ئابووری بۆ خۆیان لە عێراق داببڕن، تا ئاستێك چوونەتە ناو كایەی سیاسی و پەرلەمان و حكوومەتیش، ئێستە كە باسی داماڵینی چەكی ئەوان دەكرێت هەڵوێستی ئێران چییە؟ 

ناسر دورەید توێژەری سیاسی دەڵێت، هەڵوێستی ئێران لە دۆسیەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە عێراق لە نێوان قبووڵنەكردنی تەواوەتی و رازیبوونی تەواوەتییە، تاران نایەوێ ئامرازەكانی دسەڵاتی لە ناوچەكە لەدەست بدات، بەتایبەتی لە عێراق، كە تا ئێستە خاڵێكی كرنگە بۆ دەسەڵاتی لە ناوچەكە و لە ماوەی دوایی لە زۆرێك لە ناوچەكان ئامرازە هاوشێوەكانی لەدەست داوە.

روونی كردەوە، ئەوەی لە عێراق روودەدات لە داماڵینێكی هێمانە و ئاشتییانەی چەكی میلیشیاكان، لەگەڵ ویستی ئێران ناگونجێت كە دەیەوێ بە ئاسانی و بێ بەرانبەری سیاسی ئەوان وەك دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەكە لەدەست بدات، هاوكات ئێران رووبەڕووی كێشەی گەورە لە ناوچەكە و دنیا بووەتەوە، بەتایبەتی هەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا بۆ وەشاندنی گورزێكی تر لە تاران.

ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە، بۆیە رەنگە ئێستە ئێران زیاتر بەو دۆسیانەوە سەرقاڵ بێت، هەرچی ناكۆكیی میلیشیاكانە لەبارەی داماڵینی چەكیان، پێوەندی بە ململانێی ناوخۆیی ئەوانەوە هەیە، لەپاڵ بوونی گوشاری ئێران كە ناكۆكیی ئەوانی قووڵتر كردووە و بڕیاردانی ئەوانی زەحمەتتر كردووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل