دووەم گەڕی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەكرێت

:: PM:09:39:29/12/2025 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ 29ی كانوونی یەكەم یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق بەڕێوە چوو، بەرنامەی كار بریتی بوو لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی نوێ و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لە دانیشتنی ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق یەكەم جێگری هەڵبژێردران، لەوكاتەی پرۆسەی هەڵبژاردنی دووەم جێگر كە كوردە، بەردەوامە.

ئەمشەو دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرا، بەڵام لە یەكەم گەڕی دەنگدان هیچ لە دوو كاندیدە ركابەرەكە نەیانتوانی دەنگی پێویست و زۆرینە بۆ بردنەوە بەدەست بێنن، كە ئەوانیش شاخەوان عەبدوڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان و رێبوار كەریم لە رەوتی هەڵوێست بوون.

سیپان شێروانی پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە گوتی، لە یەكەم گەڕی هەڵبژاردنی دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمان، هیچ كاندیدێك دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا بۆ بردنەوە بە پۆستەكە، سەرۆكایەتیی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان گفتوگۆ و كۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكات بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتەكە بەر لە چوونە ناو دووەم گەڕی دەنگدان.

دووپاتی كردەوە، تاكە كاندیدی ئێمە شاخەوان عەبدوڵایە و ئەوە بە هێزە سیاسییەكان راگەندراوە و پێویستە هەموو فراكسیۆنەكان پابەندی گفتوگۆ و رێككەوتن و بەركەوتەی هەڵبژاردن بن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل