بنیامین نەتەنیاهۆ: گۆڕانکاریی ئێران لە ناوخۆی وڵاتەکە روو دەدات

:: AM:10:50:31/12/2025 ‌
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە چەند رۆژێکە لە ئەمەریکایە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەی هەبووە لە چاوپێکەوتنێکدا کە فۆکسنیوز لەگەڵیدا کردوووە رای گەیاند گۆڕانکارییەکانی ئێران لە ناوخۆی وڵاتەکەوە روو دەدەن و هەڕەشەی ئەوەشی کرد ئەگەر هەر جۆرە مووشەکێک ئاراستەی  ئیسرائیل بکرێن ئەوا وەڵامێکی زۆر وێرانکەریان بۆی دەبێت.

ئەو لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە دواین خۆپێشاندان و نارەزایەتییەکانی ئێران کردووە کە تاران و چەند شارێکی تری ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و پێی وایە ئەوەی لە ئێران روو دەدات دەرەنجامی سەرکوتکارییەکانی حکوومەتە و هەر جۆرە گۆڕانکارییەکیش لە ئێران ئەوا بە ویستی خەڵکەکە خۆی گرێ دراوە.

بەگوتەی نەتەنیاهۆ خەڵکی ئێران خەڵکێکی زۆر بە توانان و رابردوویەکی پڕ لە شانازییان هەیە، دەیانتوانی داهاتوویەکی گەشیان هەبێت بەڵام ئەوە لە لایەن دەسەڵاتی سەرەڕۆی مەزهەبی و ئایەتوڵاکان دزراوە.

وەک زیاتر خستیە روو رژێمی ئێران لە جیاتی ئەوەی ملیاران دۆلار لە خەڵکەکەی خۆی خەرج بکاتم، لە بواری ئەتۆمیدا خەرجی دەکات بۆ ئەوەی بە بۆمبی ئەتۆمی بگات یان لە گرووپە پرۆکسییە تیرۆریستییەکان خەرجی دەکات لە کاتێکدا خەڵک ئاو و کارەبا و خۆراکیان نییە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنەکەدا روونی کردەوە کە ئێران دەیتوانی یەکێک بێت لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا کەچی داهاتی نەپاڵاوتووی وڵاتەکە کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 100 ملیۆن کەسە کەمترە لە داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئیسرائیل کە ژمارەی دانیشتووانی 10 ملیۆن کەسە.






وشە - سلێمان تاشان