پشكی كوردە.. ئەحمەد بەشیر و ئەمیرە جابری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆیان كاندید كرد

:: PM:06:35:31/12/2025 ‌
هەرچەندە بە ڕێککەوتنى سیاسی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، بەڵام ژنێك بە ناوی ئەمیرە جابری رای گەیاند، یەكەم كەسە خۆی بۆ پۆستەكە كاندید كردووە. دوای ئەویش راگەیاندكاری كۆمێدی؛ ئەحمەد بەشیر كاندیدكردنی خۆی بۆ هەمان پۆست راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەم، 31ی كانوونی یەكەم، ژنێك بە ناوی ئەمیرە جابری كە لە بواری مافەكانی ئافرەتان كار دەكات رای گەیاند، خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە. دووپاتیشی كردەوە، تەواوی مەرجەكانی بوون بە سەرۆك كۆماری تێدایە.

دوای ئەوە ئەحمەد بەشیر راگەیاندكاری كۆمێدی كە لە ئەڵمانیا دەژیت و خەڵكی بەغدایە رای گەیاند، خۆی بۆ پۆستەكە كاندید كردووە.
لە دوای 2003 بەگوێرەی ڕێککەوتنى سیاسی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردە، لەو كاتەوە پۆستەكە بۆ یەكێتی بووە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆك مەسعوود بارزانی رای گەیاند، "پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەكان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشكی كوردە، بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت".

سەرۆك بارزانی پێشنیاری میكانیزمێكی نوێی كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەمشێوەیە بێت كە، "یان لە پارلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن". 

دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دەبێت لە پەرلەمان سەرۆك كۆماری عێراق بێتە هەڵبژاردن، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق مەرجەكانی بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری كرد، دەبێت تەمەنی لە سەرووی 40 ساڵ بێت، دایك و باوكی عێراقی بن، بەلایەنی كەمەوە بڕوانامەی زانكۆی هەبێت، نابێت پێشینەی تاوانی هەبێت یانیش بڕیارەكانی دەستەی داد و لێپرسینەوە نەیگرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا پێكهاتەكانی تری عێراق لەسەر ئاستی رۆشنبیران و سیاسییەكان رەخنەیان لە كورد دەگرت لەوەی كەسی شیاو بۆ پۆستەكە دانانێن، لەوانە قوسەی مەحبووبە ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان كە سوودانی سەرۆكایەتیی دەكات، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی باسی لەوە كرد، "دەبێت كورد لە دانانی پۆستی سەرۆك كۆمار رەچاوی تەواوی عێراقییەكان بكات، كەسێك دابنێ‌ كە هەموو پێكهاتەكان شانازیی پێوە بكەن".


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل