پێ دەچێت گرێ كوێرەی دووەم قۆناغی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كەرتی غەزە بریتی بێت لە داماڵینی چەكی بزووتنەوەی حەماس و كۆتاهێنان بە دەسەڵاتی لە غەزە، وەك چۆن دۆخی لە لبنان لە داماڵینی چەكی حزبوڵا وەستاوە، سوپاسالاری ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی سوورە لەسەر داماڵینی چەكی حەماس.
لەوكاتەی هەریەك لە بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لبنانی بەرانبەر بە هەوڵی داماڵینی چەكەكانیان مەرجی ئەوەیان دانا كە دەبێت ئیسرائیل لە تەواوەتی كەرتی غەزە و لبنان پاشەكشە بكات، كە ئیسرائیل بەوە رازی نابێت، ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل رای گەیاند كە وڵاتەكەی سوورە لەسەر داماڵینی چەكی حەماس و ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی یەكلاكردنەوە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل.
زامیر روونی كردەوە، ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی یەكلاكردنەوە پێوەست بە مسۆگەركردنی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل، دووپاتی كردەوە كە ئەوان سوورن لەسەر داماڵینی چەكی حەماس و گرووپەكانیتر و رێگە بە بزووتنەوەكە نادەن توانا سەربازییەكانی بنیات بنێتەوە و جارێكی تر هەڕەشە لە ئیسرائیل بكات.
سێشەمی رابردوو ماڵپەڕی "ئیسرائیل هیوم"ی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد كە هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل لەسەر پێدانی دوو مانگ وەك دوایین هەل بۆ داماڵینی چەكەكانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رێك كەوتوون، لەو ناوەدا پێوەری روون بۆ لێكهەڵوەشانەوەی چەكی بزووتنەوەكە بە كردەنی دیاری دەكەن.
هاوكات كەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی كرد كە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە لە رەفەح بەر لە داماڵینی چەكی حەماس دەست پێ دەكات، ئەوەش لە چوارچێوەی دووەم قۆناغی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كەرتی غەزە، دوێنێش ترەمپ هەڕەشەی لە بزووتنەوەی حەماس كرد بەوەی ئەگەر بەمنزیكانە چەك دانەماڵێت، دۆزەح چاوەڕوانی دەكات.