شارەزایان پێیان وایە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لە یەكەم دانیشتن و بێ كێشە، رەنگە ببێتە ئاماژە و هاندەر بۆ هەڵبژاردنی پۆستە باڵاكانی تر، واتە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە وادەی خۆی و بێ كێشەی گەورە، هەنگاوی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە لە ماوەی 30 رۆژ و دوای ئەوە نۆرەی سەرۆك وەزیران دێت، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە شەمووی داهاتوو شیعە كۆ ببنەوە.
عودەی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوپاتی كردەوە كە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو چوارچێوەكە كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك لە بەغدا ساز بكات، دیارترینیان رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، روونی كردەوە، ژمارەی كاندیدان بۆ پۆستەكە بۆ سێ كەس كەم بووەتەوە، بەڵام تا ئێستە ناتوانرێت ناسنامەی كاندیدی فەرمیی سەرۆك وەزیران دیاری بكرێت، لە سایەی بوونی بۆچوونی جیاواز لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
ئەو ئەندامەی چوارچێوە دووپاتی كردەوە، ئەگەر هەیە لە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێكنزیكبوونەوە لە دیدی و بۆچوونەكان لەبارەی كاندیدێك روو بدات، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكان ئەگەری سوپرایز هەیە.
بەپێی راپۆرتەكانی هەواڵ كێبەركێی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە پشكی شیعەیە و لەناو شیعەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان دیاری دەكات، هەریەك لە محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی كاندیدن، بەڵام چانسی سوودانی زیاترە، ئەوە ئەگەر سوپرایز روونەدات و كەسێكی هاوبەش لە نێوان خۆیان بۆ پۆستەكە دیاری نەكەن.