دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نەیتوانی بە هاوشێوەی شەڕی غەزە، شەڕی ئۆكراینا لە 2025 بوەستێنێت، لە بری ئەوە رووسیا دەیەوێت بە شێوازی خۆی و بە گوشاری سەربازی شەڕەكە بە مەرجەكانی خۆی بوەستێنێت، جیا لە پێشەڕەوییە مەیدانییەكان، بۆردمانێكی سەختی ئۆكراینا دەكات.
لەگەڵ چوونە ناو 2026، لە بەرانبەر بۆردمانە سەختەكانی رووسیا، درۆنەكانی ئۆكراینا هێرشیان كردە سەر شارەدێیەك لە هەرێمی خێرسۆن، كە رووسیا لە باشووری ئۆكراینا كۆنترۆڵی كردووە، بەو هۆیەوە 24 كەس كوژران و زیاتر لە 50ش بریندار بوون.
وەك ڤلادیمێر سالدۆ فەرمانڕەوای ناوچەكە سەر بە رووسیا رای گەیاند، سێ درۆنی ئۆكراینایی قاوەخانەیەك و هوتێلێكیان لە كەناراوەكانی دەریای رەش لە خورلی كردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە 24 كەس كوژراون و زیاتر لە 50ش بریندار بوون.
لای خۆیەوە ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا رای گەیاند كە رووسیا ساڵی نوێی بە بەردەوامی هێرش و شەڕ لە دژی وڵاتەكەی دەست پێ كرد كە چوار ساڵی بەردەوامە، ئەوەش دوای هەڵدانی زیاتر لە 200 درۆن لە شەوی رابردوو بەرەو خاكی ئۆكراینا و كردنەئامانجی ژێرخانی وزە لە وڵاتەكەی.
هێزی ئاسمانیی ئۆكراینا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە شەوی رابردوو لە كۆی 205 درۆنی رووسیا توانیویانە 176یان تێك بشكێنن، كە رووسیا لەو رێگایەوە هێرشی كردە سەر باكور و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، وەزارەتی بەرگریی رووسیاش رای گەیاند كە شەوی رابردوو 168 درۆنی ئۆكراینییان تێك شكاندووە.