یەكەم كاروانی هێزەكانی ئەمەریكا عەین ئەسەد جێدێڵێت

:: PM:05:48:01/01/2026 ‌

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە یەكەم كاروانی سەربازیی ئەمەریكا لە بنكەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای ئەنبار دەستی بە جووڵە كردووە، وەك ئاماژەیەك بۆ سەرەتای پاشەكشەی بەشێكی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

سەرچاوەكە گوتی، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەم دەیان بارهەڵگری گەورە لە بنكەی ئاسمانیی عەسن ئەسەدەوە بە ئاراستەی رێگەی خێرا رۆیشتوون، لەناو رێوشوێنی توندی تەناهی و هەڵفڕینی هەلیكۆپتەرەكانی ئەپاچی، ئاراستەی كاروانەكە بە وردی دیار نییە ئاخۆ بەرەو بنكەی حەریرە لە هەولێر یان بەرەو سووریا لە بنكەی حەسەكە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە ئەوە یەكەم كاروانی سەربازییە لە 2026 جموجۆڵ دەكات و رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ كشانەوەی زیاتری هێزەكانی ئەمەریكا لە عین ئەسەد، كە چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو كۆتایی بە بوونی سەربازیی ئەمەریكا لەو بنكەیە بێت.  

دوێنێ چوارشەم فەریق روكن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رای گەیاند كە ئێستە هیچ سەربازێكی ئەمەریكی و هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەكانی عێراق نییە و هەفتەی داهاتووش بە یەكجاری هەموو هێزەكانی ئەمەریكا دەكشێنەوە، روونی كردووە، هەفتەی داهاتوو بنكەی عەین ئەسەد بە هێزە عێراقییەكان دەدرێتەوە، كە گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمەریكایە لە عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل