ئیسرائیل چی بۆ 2026 ئامادە كردووە؟

:: PM:08:24:01/01/2026 ‌

بەر لە سەردانەكەی كۆتایی مانگی رابردووی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ دەناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە لە فلۆریدا، راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد نەتنیاهۆ هەوڵ دەدات گڵۆپی سەو لە ئەمەریكا بۆ شەڕێكی تر لە دژی ئێران وەربگرێت، دوای دیدارەكە دەركەوت واشنتن و تەلئەبیب هاوڕان و سوورن لەسەر چەند پرسێك.

سەرەڕای ئەوەی نەتنیاهۆ هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدات بەوەی پلانی نییە هێرش بكاتە سەر تاران، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ گەڕێكی تری كتوپڕ و فرەوانی شەڕ لە سێ بەرە ئامادەن دەكات، ئێران و لبنان و بەری رۆژئاوا.

پەیامنێری سەربازیی كەناڵی 12ی ئیسرائیل پێی وایە ئەو پلانەی ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل سەرپەرشتیی دەكات، ئێستە لەسەر بنەمای ئەزموونی زیاتر لە دوو ساڵی شەڕ گەڵاڵە دەبێت، هاوكات لەگەڵ ئامادەبوونی، ئامادەسازییەكان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ یان جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنێكی كتوپڕی سەربازی كاری لەسەر دەكرێت.

لای خۆیەوە نەتنیاهۆ لە ئەمەریكا بە میدیاكانی راگەیاند كە ئیسرائیل دەستپێشخەری لە هێرشكردنە سەر ئێران ناكات، ئەوەش ئەو هەواڵانەی باسی ئەوەیان كرد كە سەرۆكی ئەمەریكا گڵۆپی سەوزی بۆ نەتنیاهۆ بۆ لێدانی ئێران هەڵكردووە، بەهۆی نوێكردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و بەرهەمەمهێنانی بڕی زیاتر لە مووشەكی بالیستی. 

بەپێی راپۆرتەكە، خەمڵاندنی دەزگە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل بەو ئاراستەیە ئەگەری هەیە بەهۆی گوشاری خۆپێشاندانەكانی ئێستەی ئێران رژێمی ئەو وڵاتە پەنا بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل ببات بۆ لابردنی چاوەكان لەسەر دۆخ و تەنگژەی ناوخۆیی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل