عێراق 14 فڕۆكەی جۆری رافال لە فڕەنسا دەكڕێت

:: PM:08:43:01/01/2026 ‌

سەرچاوە فڕەنسییەكان ئاماژەیان كرد كە عێراق نزیك بووەتەوە لە یەكلاكردنەوەی گرێبەستێكی ستراتیجی بۆ بەهێزكردنی هێزە ئاسمانییەكەی لە رێگەی گرێبەستی كڕینی 14 فڕۆكەی رافالی پێشكەوتووی فڕەنسایی.

وەك میدیاكان بڵاویان كردەوە، لە 2026 عێراق دەست بە رێوشوێنی واژووكردنی كۆتایی گرێبەستی كڕینی 14 فڕۆكەی سەربازی پێشكەوتووی فڕەنسایی لە جۆری رافاڵ دەكات، كە نوێترین مۆدێڵی فڕۆكەكەیە، گرنگیدانی عێراق بەو گرێبەستە لە تشرینی یەكەمی 2024 دەستی پێ كرد. 

هەر بەپێی سەرچاوەكان عێراق بڕی 240 ملیۆن دۆلاری وەك یەكەم وەجبە و پێشەكیی گرێبەستەكە داوە، داواكەی عێراق كڕینی 10 فڕۆكەی جۆری (سی) یەككوشنی و چوار فڕۆكەی جۆری (بی) دووكوشنییە، وەك ئەو تایبەتمەندییەی عێراق داوای كردووە، فڕۆكەكان چەكی تەواویان هەڵگرتووە لە مووشەكی جۆری ئاسمان بۆ ئاسمان و مووشەكی ئاراستەكراو و لایەنی فڕەنسیش بەفەرمی بە داوای عێراق رازی بووە. 

شایەنی باسە عێراق بەفەرمی لە كانوونی دووەمی 2025 گرێبەستی كڕینی 12 فڕۆكەی جۆری رافالی فڕەنسایی بە بڕی 3.2 ملیار دۆلار كردووە، لەو بڕە پارە 340 ملیۆن دۆلار كاش دەدات و ئەوەیتر نەوت لەبری پارە دەدات، گرێبەستەكە راهێنانی فڕۆكەوانانی عێراق و دابینكردنی چەك بۆ فڕۆكەكان و سیانە و چاكردنەوەی بەردەوامیان دەگرێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل