"ترەمپ گرەو لەسەر گوشاری خۆپێشاندەرانی ئێران دەكات"

:: PM:09:44:01/01/2026 ‌

ماوەی پێنج رۆژە لە ئێران خۆپێشاندانە، بازرگانان و خەڵكەكە بەهۆی خراپیی دۆخی بژێوی و دابەزینی پێوانەیی بەهای تمەنی ئێران و زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان و نرخەكان هاواریان لێ هەستاوە و لە تاران و ژمارەیەكی شاری ئێران رژاونەتە سەر شەقام و پشێوی وڵاتەكەی گرتووەتەوە، چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكەن كە سەرۆكی ئەمەریكا گرەو لەسەر خۆپێشاندانەكان دەكات بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی. 

چەند سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماسیی ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەنیازە ناڕەزایەتییەكانی ئێران وەك ئامراز و كارتێكی بەهێز بۆ ناچاركردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەكار بێنێت، ئەوەی لە ئێران روودەدات دروستكراوی ئەمەریكا نییە، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو رەوت و ئاراستەیە كە رژێمی وڵاتەكە گرتوویەتییە بەر بە هاریكارینەكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوانە بوونەتە زیادبوونی سزاكانی سەری.

سەرچاوە ئەمەریكییەكان دووپاتیان كردەوە كە ئیدارەی ئەمەریكا چەند مەرجێكی بۆ ئێران داناوە بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، لەوان دداننانی تاران بە بەرنامەیەكی تەواو ئاشتییانەی ئەتۆمی لەگەڵ وەستانی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئاشكراكردنی بەرنامە مووشەكییەكەی بۆ سڕكردنی و كۆتاهێنانی پاڵپشتیی میلیشیاكان لە عێراق و یەمەن و لبنان، قبووڵكردنی ئەو مەرجانە تاكە دەروازەیە بۆ دەست پێكردنەوەی كۆبوونەوە فەرمییەكان بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتی كۆتایی بە تەنگژەكە بێنێت.

بەپێی دیپلۆماتكارەكە ترەمپ قەناعەتی تەواوی بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری سەر ئێران هەیە، ئەو وا سەیری گوشارەكانی شەقامی ئێران لە چەند رۆژی رابردوو دەكات ئامرازێكی گوشارە كاریگەرییەكەی لە هێرشی سەربازی بەهێزترە و وەك هێزێكی ستراتیجی سەیری ناڕەزاییكاران دەكات بۆ ناچاركردنی ئێران بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل