سەرۆکی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توند دەداتە دەسەڵاتدارانی تاران و ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپێشاندەران بکات، ئەوا سوپای ئەمەریکا بە هانای خەڵکەوە دەچێت و بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەن.
ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال" نووسیویەتی "ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکات و بە توندوتیژی بیانکوژێت، کە ئەمە پیشەی هەمیشەیییانە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هانایانەوە دەچێت".
ترەمپ لە پەیامەکەیدا هەڕەشەی کردووە و دەڵێت "ئێمە لە دۆخی ئامادەباشیی باڵاداین و ئامادەین بۆ جووڵەکردن".
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانەکان لە ئێران بەهۆی خراپیی دۆخی بژێوی و گرانی، بەردەوامە. هاوكات بازنەکەی فراوانتر بووە بۆ شارە بچووکەکان و ناڕەزاییەكان چەند شەوێكە بەردەوام فرەوان دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە چەند شارێک گرژی دروست بووە و قوربانی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش بە گەورەترین خۆپێشاندان دادەنرێت لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022 (دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی).
داتا ئابوورییەکان دەریدەخەن کە دراوی ئێرانی لە ساڵی 2025دا نزیکەی نیوەی بەهاکەی بەرانبەر دۆلار لەدەست داوە و ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی کانوونی یەکەمدا گەیشتووەتە 42.5%.