دەسەڵاتدارانی حكوومی لە شاری ئیندۆری هیندستان ئاشكرایان كرد، بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە كارەساتێكی تەندروستی ڕووی داوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
ئەمڕۆ هەینی دووی كانوونی دووەمی 2026، كایلاش ڤیجاڤارگیا پەرلەمانتاری هیندستان ڕای گەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی ئاو لە شارەكە گەیشتووەتە نۆ كەس.
لای خۆیەوە مادهاڤ پراساد، بەرپرسی باڵای پزیشكی لە ئیندۆر ڕوونی كردەوە، ئاوی خواردنەوەی ناوچەی "بهاگیراسپورا" بەهۆی دزەكردن لە تۆڕی ئاوەكە تووشی پیسبوون بووە و پشكنینەكان بوونی بەكتریایان لەناو بۆرییەكان پشتڕاست كردووەتەوە.
بەرپرسە پزیشكییەكە ئاماژەی بەوە داوە، زیاتر لە 200 كەس لە هەمان ناوچە لە نەخۆشخانە جیاوازەكان لە ژێر چارەسەردان، بەڵام هێشتا ڕاپۆرتی كۆتاییی نموونەی ئاوەكە دەرنەچووە.
شەراڤان ڤیرما، بەرپرسی ئیداریی هەرێمەكە ڕای گەیاند، دەسەڵاتداران بەپەلە تیمە پزیشكییەكانیان بڵاوە پێ كردووە بۆ پشكنینی مەیدانیی ماڵ بە ماڵ، هاوكات حەبی كلۆریان بەسەر دانیشتوواندا دابەش كردووە بۆ پاككردنەوەی ئاو.
ناوبراو ئاشكرای كرد، تیمەكانی فریاگوزاری خاڵێكی دزەكردنیان دۆزیوەتەوە كە گومان دەكرێت هۆكاری پیسبوونەكە بێت و چاكیان كردووەتەوە، تا ئێستە پشكنین بۆ هەشت هەزار و 571 كەس كراوە و 338 حاڵەت تۆمار كراون كە نیشانەی سووكیان هەیە.