ترەمپ وردەکاریی گرتنی مادۆرۆ ئاشکرا دەکات: لە قەڵایەکی قایمدا بوو و لە شاشەوە سەیرم دەکرد

:: PM:06:14:03/01/2026 ‌
سەرۆکی ئەمەریکا وردەکاریی ئۆپراسیۆنی گرتنی سەرۆکی ڤەنزوێلا دەخاتە ڕوو و ڕای دەگەیەنێت، پڕۆسەکە بەبێ کوژراو کۆتایی هات و واشنتنیش دەست لە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە هەڵناگرێت.

ئەمڕۆ شەموو سێی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئۆپەراسیۆنی گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە دۆخێکی نموونەییدا بەڕێوە چوو، هیچ کوژراوێک لە ڕیزەکانی هێزەکانی ئەمەریکا نەبووە و تەنیا برینداری کەم هەبووە.

ترەمپ گوتی، لە ڕێگەی شاشەی تەلەڤزیۆنەوە چاودێریی پڕۆسەی گرتنەکەم دەکرد، مادۆرۆ لە قەڵایەکی قایم و پارێزراودا بوو، بەڵام هێزەکانمان ئامادە بوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکە چوار ڕۆژ پێشتر بڕیاری لێ درابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەشوهەوا لەو کاتەدا گونجاو نەبوو، دواخرا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەفتەیەک بەر لە ئێستە هۆشداریی دابووە مادۆرۆ کە خۆی ڕادەست بکات.

لەبارەی داهاتووی ئەو وڵاتەوە، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە واشنتن بە بەهێزی دەمێنێتەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست و بڕیار لەسەر سەرکردایەتیی داهاتوو دەدرێت، هەروەها پلانی هەیە لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلادا بە بەشداربووی سەرەکی بمێنێتەوە.

جێی باسە پێشتر ترەمپ ڕای گەیاندبوو کە مادۆرۆ و هاوسەرەکەی گیراون و لە ڤەنزوێلا کراونەتە دەرەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود