ئەمڕۆ جارێكی تر ئەمەریكا توانا سەربازییەكانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی كتوپڕ و خێرا و مەترسیدار پێشان دا، ئەو توانی سەرۆكی وڵاتێك لەناو پایەتەخت و حەشارگەیەكی توندوتۆڵ بگرێت و بیباتە دەرەوەی ئەو وڵاتە و دادگایی بكات، شارەزایەك پێی وایە دیدێكی نوێی ئەمەریكا هەیە بەوەی هەر شتێك ببێتە مایەی نیگەرانیی ئەو وڵاتە لەناوی دەبات.
د. عیسام فەیلی مامۆستای زانستە سیاسییەكان ئاماژە دەكات كە دیدی نوێی ئەمەریكا ئەوەیە كە هەر شتێك ببێتە مایەی نیگەرانیی ئەو وڵاتە جا لە ڤەنزوێلا یان لە ئێران بێت، لەناوی دەبات، دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا شێوازی جیا بەكار دێنێت، بەڵام ئەنجامەكە یەك شتە.
روونی كردەوە، ئەمەریكا سەربازیانە دەستی خستە ناو ڤەنزوێلا، لە ئێرانیش شەقام دەجووڵێنێت، رەنگە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە رێگەی هاوپەیمانەكانی دەست لە كاروباری ئێران وەربدات، لەپێشەوەیان لە رێگەی ئیسرائیل كە خۆی بۆ هێرشێكی تر بۆ سەر تاران ئامادە دەكات، لەناو ئەو قسانەی باسی ئەوە دەكەن شەڕە 12 رۆژییەكەی حوزەیرانی رابردوو تەنیا سەرەتا بوو.
سەبارەت بە عێراق فەیلی دەڵێت، پەیامەكانی مارك ساڤایا نێردراوی ئەمەریكا روون بوون و ئاراستەی میلیشیاكان و دەستەبژێری سیاسی بوون، باسی داماڵینی چەك و نەهێشتنی گەندەڵی و رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری عێراق دەكەن، ئەو پەیامانە هاوشێوەن لەگەڵ دۆخی پێش دەستوەردانی لە ڤەنزوێلا، ئەو مامۆستایە وریایی دا بەوەی هیچ ناوچەیەك دوور نییە لە كردنەئامانجی لە لایەن ئەمەریكاوە.
فەیلی ئاماژە دەكات كە گرتنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی پەیامێكە بۆ بۆ هەموو سەركردە و وڵاتان كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا نین، بەوەی ناوچەكە بەرەو هێرش و شەڕی گەورە هەنگاو دەنێت و هەر دەنگێك دژی ئەو ئاراستەیە بێت رەنگە هەمان چارەنووسی هەبێت.
دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمەریكا لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەت نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لە كاراكاس گرت و بەرەو ئەمەریكایان بردن بۆ دادگاییكردن، بیت هیگسس وەزیری جەنگی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی ویستی خۆی لەهەر كات و شوێنێك لە دنیا دەسەپێنێت.